Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ھەر گەنجێک بیەوێ بازرگانی بکات قەرزێکی ٣٠ملیۆن دیناریی پێ دەدرێ"

 

هەولێر-KDP.info-  یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان بە ھاوکاریی دوو بانک، قەرزێکی ٣٠ملیۆن دیناری دەدات بە ھەر گەنجێکی بازرگان بە مەرجێک ئەو کەسەی قەرزەکە وەردەگرێت لە بەرامبەردا دەست بە کاری بازرگانی بکات و لەو ڕێگەیەوە کاری پێ بکات.

 

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە مەبەستی گەشەی زیاتری ئابووریی ھەرێمی کوردستان، یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان لەگەڵ ھەردوو بانکی دیجلە و فورات ڕێک کەوتووە بۆ پێدانی قەرز بە بازرگانە گەنجانەکان، چونکە زۆر ئەنداممان ھەیە کە سەرمایەیەکی سنوورداریان ھەیە و بۆ برەودان بە بازرگانییەکەیان پێویستیان بە ھاوکاری هەیە."

 

سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران دەڵێت: "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە و ھەردوو بانکەکە بڕی ٣٠ملیۆن دینار بە ھەر گەنجێکی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەگەر بیەوێ بازرگانی بکات و پێویستی بەو گوژمە پارەیە هەبێت."

 

عەبدولڕەحمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرکەسێک بیەوێ قەرز وەربگرێ، دەتوانێ پشتگیرییەک لە یەکێتیی ھاوردەکاران ببات و دواتر ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بتوانن کەلوپەل بکڕن، چونکە سیستەمی قەرزەکە وایە گەنجێکی بازرگان بچێتە وڵاتێکی وەک چین کەلوپەل بکرێت و وەسلی کڕینی ھەبێت ٣٠ملیۆن دیناری پێ دەدرێت، ئەگەریش لە ھەرێمی کوردستان ھەمان کەلوپەل بکرێت، لەو قەرزە سوودمەند دەبێت."

 

مستەفا عەبدولڕەحمان گوتیشی: "پێمان وایە پێدانی ئەو قەرزە ھاوکارییەکی زۆر باشە بۆ ئەو گەنجانەی دەرفەتی کاریان ھەیە و پارەیان لەبەردەستدا نییە، چونکە ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زیاتر بووە و پێدانی قەرز دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی گەشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان زیاتر ببێت."

 

قائید میرۆ