Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی كوردستان: ڕۆڵی دڵسۆزانەی پەرستاران بەرز دەنرخێنین

 
هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی 12ی مایس، رۆژی جیهانیی پەرستاران، لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی پەرستارانی كوردستان و جیهان كرد، كە ئەمە دەقەكەیەتی: 
 
بە بۆنەی ١٢ی مایس، ڕۆژی جیهانیی پەرستارانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی پەرستارانی جیهان و بە تایبەت پەرستارانی ئازیزی كوردستان دەكەین.
 
‎١٢ی مایس، ڕۆژێكی پڕشنگدارە لە مێژووی مرۆڤایەتی و دەستپێكێكی پیرۆزە بۆ بونیاتی پیشەیەكی پڕ لە میهر و لە خزمەت مرۆڤایەتی، پەرستاران لە جیهاندا لە دەستپێكی سەرهەڵدان و دەستدانە ئەم پیشە پیرۆزە، ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە كەمكردنەوەی نەخۆشی و چارەسەركردن، پەرستارانی خۆشەویستی كوردستانیش هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشەكانی گەلەكەمان بە پیشە پیرۆزەكەیان بەشدارێكی كارا بوونە لە چارەسەری برا پێشمەرگەكان و بە بەردەوام لە دەزگا تەندروستییەكان و لەناو كۆمەڵگەی كوردستانیش ڕۆڵی ئەرێنییان بینیوە لە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و چارەسەركردنیان.
 
ڕۆڵی دڵسۆزانەی ئەم توێژە كاریگەرەی نێو ناوەندی تەندروستی بەرز دەنرخێنین لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، كە خۆنەویستانە بەرژەوەندیی نەخۆش و هاووڵاتیانیان كردە پێشینەی كارەكانیان.
 
‎لەم سۆنگەیەوە پێویستە ماف و ئیمتیازاتی پەرستاران لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت دەستەبەر بكرێت و زەمینەی لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ دابینكردنی هەلی كار و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هاوكار بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی پەرستاری و ئاشناكردنیان بە زانستی پێشكەوتوو و سەردەمیانە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتری تەندروستی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویست. 
 
‎پیرۆز بێت ١٢ی مایس، ڕۆژی جیهانیی پەرستاران.
 
‎لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان
2019/5/12