Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠ مەتری دەكرێتەوە

 
ھەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، هەفتەیەك تا ١٠رۆژی دیكە بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠مەتری دەكەنەوە، سەرپەرشتیاری دروستكردنی شەقامەكەش دەڵێ، تەنھا ھەندێك سەوزكردنی ماوە و بە زوویی كۆتایی بە كارەكانیان دێت و رێگاكە دەكرێتەوە.
 
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیار بوو لە كۆتایی مانگی ٣ بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠مەتری لە نێوان رێگای كۆیە بۆ كەركووك بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دیزاینی نێوەڕاستی شەقامەكە سەوزایی زۆری تێدایە و باران بارینی بەردەوامیش رێگر بوو لە سەوزكردنی، بۆیە لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت و چاوەڕێ دەكرێت هەفتەیەك تا ١٠رۆژی دیكە بكرێتەوە.
 
لای خۆشیەوە، سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری رێگای ١٢٠مەتری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رێگاكە ھەمووی تەواو بووە و تەنھا سەوزاییەكەی ھەندێك ماوە و سەرقاڵی تەواو كردنین، ھەر كاتێكیش تەواو بوو كە چاوەڕێ دەكرێت تا چەند رۆژی دیكە كۆتایی پێ بێت، بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێتەوە".
 
قادر گوتیشی، ئەو بەشەی دەكرێتەوە، ٩ كیلۆمەترە و دواتر تەنھا ٩ كیلۆمەتر دەمێنێت، كە ئەویش ئەمساڵ تەواو دەبێت و بەمەش ھەر ٣٨ كیلۆمەترەكە، كە درێژیی شەقامەكەیە، تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.
 
بڵند ئیبراھیم