Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كارا كرایەوە

سەلام عەبدوڵڵا
 
هەروەك چۆن لەكاتی ریفراندۆمەكەماندا وەدەستهێنانی ستاتۆیەكی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا كە كەمینەیەك زۆر رمڵ و پێشبینیان دەكرد كە مەحاڵە ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدرێ و گەر ئەنجامیش بدرێ ئەوا خەڵك دەنگ نادات بەو شێوەیەی چاوەڕوانی لێدەكرێ، بەڵام هەموو ئەو رەشبینیانە پووچەڵ دەرچوون و زۆرینەیەكی زۆر دەنگی خۆی بە شانازییەوە داو تەنانەت هەندێك لەوانەی لە سەرەتا دژ یان دوودڵ بوون ئەوانیش ویژدانی خۆیان ئاسوودە كرد و دەنگییان بە بەڵێ دا، ئەمەش هەر ئەوەی دەگەیاند كە گەلێك ئەو هەموو قوربانییەی دابێ و ماڵوێرانی و كارەساتەی بەسەر هاتبێت چۆن دەنگ بەو ئامانجە پیرۆزەی لەپێناویدا هەزاران شەهیدی دابێت نادات.
ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان روویدا كە (89) ئەندام پەرلەمان لە كۆی (108) ئەندامی ئامادەبوو دەنگیان بە بەڵێ بۆ كاراكردنەوەی دامەزاوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە بەڵێ دا سەركەوتنێكی تری ئیرادەی نەگۆڕی خەڵكی كوردستانە كە نیشانی دۆست و دوژمنی دا و هەموو ئەو بۆچوونە چەوت و چەواشەكارانەی پووچەڵ كردەوە كە دەیانووت ئەم هێزانە ناگەنە رێككەوتن و پەشیمان دەبنەوەو حكومەتی هاوبەش و یەكگرتوو دانامەزرێن. ئەمەش جارێكی تر ئەوە دووپات دەكاتەوە كە گەلەكەمان ئەمڕۆ لە ئەركی مێژوویی خۆی دەگات هەرچەند جاروبار لادەر و تێكدەر و لاواز و نەفام بەربەستی كاتی دەخاتە بەردەم ئەو پڕۆسەیە، بەڵام لە كۆتاییدا هەر خواستی زۆرینەی گەل و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات و لایەنگری زۆرینەی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران دەگرێ.
لە ماوەی هەڵپەساردنی ئەم دامەزراوە گرنگەدا هەموو هەستمان بەو راستییە كرد كە هەموو گەلێك و وڵاتێك دەبێ سەرۆكایەتی هەبێت و نەبوونی بۆشاییەكی گەورە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیدا دەبێت، بەتایبەتی بەرامبەر جیهانی دەرەوە جا ئەو سەرۆكایەتییە هەرچۆنێك كە گەل دەتوانێ لە رێگەی راپرسییەكەوە شێوەیەكی دیاری بكات كە پەرلەمانی بێت یان لەناو خەڵكی دا بێت كە لەمەودوا دەبێت لە دەستووردا جێگیر بكرێت.
بۆ ئەم خولە هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەماندا بەڕێوەدەچێ تا خولی داهاتووش با پەرلەمان شێوەیەكی گونجاو كە لەگەڵ خواستی زۆرینەی گەلدا بگونجێت گەڵاڵە بكات و گەلیش دەنگی لەسەر بدات.