Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: نرخی بەنزین بۆ 450 دینار دادەبەزێـت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، نرخی بەنزین بۆ 450 دینار دادەبەزێـت، هەروەها نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت و چارەنووسی خاوەن خانووەكانی گوندی كۆری یەكلا دەبێتەوە و زەوییان بەسەردا دابەش دەكرێـت.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی گوندی كۆری هەزار خانووی بەكۆتا گەیشتووە و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێـت، ئەو چوار هەزار كەسەی كە دەمێنێتەوە یاداشت و پێشنیازیان داوەتە پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەوانیش روون ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان كردووە ئەو بڕەپارەیەی داویانە بۆ پڕۆژەكە، بگەڕێندرێتەوە و لە بەرامبەردا چاوەڕوانیی زۆریان هەیە پارچەزەوییان لە سنووری شارەوانی هەولێر پێ بدرێـت، ئێستاش لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران پێك هاتووە و كار لەسەر ئەم پرسە دەكەن.

عەلی رەشید گوتیشی: "بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوای ناوچەكە و هەرێمی كوردستان، خواستی هاووڵاتیان لەسەر نەوت زۆرە، بۆیە جارێكی تر لە ڕێگای لیژنە پەیوەندیدارەكان لە كۆگای نەوتی هەولێر دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی دەكەن بەسەر هاووڵاتیاندا، كە بەپێـی ریزبەندیی بنكەی بەشەخۆراك و ناوچە و شوێنە جیاوازەكان دەبێـت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، لەڕێگای لیژنەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ گرفتی گرانبوونی نرخی بەنزین لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی بەشەبەنزینی زیاتر لە بەنزینـخانە حكوومییەكان بە هەرێم بدرێـت، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیی باش هەیە لەگەڵ بەغدا و بڕیار وایە ڕێژەیەكی زیاتر بە بەنزینخانە حكوومییەكانی هەرێم بدرێت، ڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمەدا نرخی بەنزین دادەبەزێـت لە بەنزینخانەكان  هەرێم و نرخەكەی لە نێوان 450دینار بۆ 500 دینار جێگیر دەكرێـت.

 

هۆزان سەمەد.