Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی و جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ھاوپه‌یمانی جیهانی دژی داعش کۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info-  ئەمرۆ سێشەممە 23/4/2019 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ولیام رۆبوك جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ھاوپه‌یمانی جیهانی دژی داعش و شاندی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکە، کە ستیڤ فه‌یگن كونسووڵی گشتی ئه‌مریكا له‌  هەولێر ئامادەبوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.
مەسروور بارزانی، بۆچوونی خۆی لەبارەی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە هەندێ ناوچەی عێراق روونکردەوە و جه‌ختی له بایەخی چارەسەرکردنی رەوشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە برەخسێ.
هەروەها باسی هاتنەئارای کەشێکی ئەرێنی لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و روونی کردەوە، ئەم کەشە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە هەڵواسراوەکان، کە کاریگەریان بەسەر سەقامگیرییەوە دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ھاوپه‌یمانی جیهانی دژی داعش پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان هێزە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دووبارە کردەوە و رایگەیاند، پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگیانە بەپێویست دەزانێت بۆ  رێگری کردن لە پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە عێراقدا.
هەر لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق و قۆناغەکانی شەڕی داعش لە سوریا تاوتوێ کران.