Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندنی پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی راگەیاند

هەولێر-KDP.info-   دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (121)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

  لە(22/4/1898) بەر لە(121) ساڵ لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی(كوردستان)لە قاهیرە دەرچوو، ئیدی لەو رۆژە پڕشنگدارەوە كاروانی نەسرەوتووی رۆژنامەوانی كوردیمان گەرچی رووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بۆتەوە تا ئەمڕۆش لە بەرهەم و بەخششدا نەسرەوتووە.
 
رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی بەدرێژایی تەمەنی كاریگەریەكی ئەوتۆی هەبوو، كە زەوینەیەكی لەباری رەخساند بۆ نەشونماكردن و پەرەگرتنی هوشیاریی نەتەوەیی و بیری ئازادیخوازیی و رزگاریخوازیی، هەروەها رۆژنامەی(كوردستان) لەرووی بیری سیاسیی كوردیدا رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كە گوزارشتی لە گەلێكی ستەمدیدە دەكرد.
  
رۆژنامەگەریی كوردیی وەك دەسكەوتێكی مەزن بووە هۆ و هاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان و برەودان بە بوارەكانی دیكەی ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی و كوولتوری، هەروەها گوڕوتینی تازەیشی بەخشیە كایەی رۆشنبیریمان، كە پاشان بووە هۆكارێكی سەرەكی چەكەرەكردن و گەشەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبیی و فەرهەنگیی.

رۆژنامەگەریی كوردیی لەهەر سەردەمێكدا، جگە لەوەی ئامرازێكی زیندوو و گرنگی پاراستن و نوێبوونەوەی زمان و ئەدەبیات بووە، خاوەن پەیامێكی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتیمانیش بووە، پەیامی ئاشتەوایی و تەبایی و مرۆڤایەتی هەڵگرتووە، بۆیە هێزێكی كاریگەر و داكۆكیكارێكی سەرسەختی دۆزەڕەواكەی گەلەكەمان و كوولتوورە رەسەنەكەی بووە، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا سەنگەری رۆژنامەگەریی چەكی بەرگری و هوشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆی راستەقینەی شۆڕش و راپەڕینەكان بووە.
 
ئەمڕۆ لەو هەلومەرجەداو لەسایەی فەراهەمكردنی كایەكانی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی و چاپەمەنیی و بە سیستمازەكردنی لەرووی یاساییەوە بەدەیان و سەدان دەزگا و كەناڵ و بڵاوكراوەی هەمەجۆر و رەنگ لە گۆڕەپانەكدا و لەرووی چاپەمەنی و بڵاوكردنەوەدا كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
 
كەناڵەكانی راگەیاندن و میدیا بەگشتی و خوێنراو بەتایبەتی ئەمڕۆ رۆڵێكی گرنگی پەروەردەیی و رۆشنبیریی دەبینن، بۆیە پێویستە دامودەزگا و كەناڵەكانی میدیاو هەموو شێوە و جۆرەكانی دیكەی راگەیاندن و پەیوەندیكردن لەئاست ئەو قۆناغە هەستیارەو هەلومەرجەی ئەمڕۆدا بەرپرسانە رۆڵ و ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان ببینن، بە تێگەیشتنێكی هاوبەش كاربكەن بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی نێو ماڵی كورد و تەبایی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بەرگریكردن لە مافی هاووڵاتیان و پتەوكردنی چەمكەكانی یەكسانی و دادوەریی كۆمەڵایەتی.

لە(121)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكەین، لەو جەژنەی رۆژنامەگەریدا هەست بە شانازیی و مەزنیی هزروقەڵەمی رۆشنفكرانی كورد دەكەین، ئەوانەی بنەمایەكی راستەقینە و پڕبەرهەم و بەخششیان لە بواری رۆژنامەوانیی بەتایبەتی و كوولتوری بەگشتی بونیاتی ناو و وشەی شیرینی كوردییان خستە نێو فەرهەنگی جیهانیەوە.

لەبیرەوەری(121) ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەما و رێنمایی و رێسا گونجاو و پێشكەوتووەكان.

لەو یادە پیرۆزەدا..
سڵاو و رێز بۆ ماڵباتی بەدرخانیەكان و سەرجەم ئەو ماندوونەناس و خەباتكارانەی رێگەی رەسەنی رۆژنامەگەریی..
هەر بەرز و شەكاوە بێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیی و رۆژنامەی دایك(كوردستان)..

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
22/4/2019