Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کۆمەڵێک بازرگانی کورد یاوەری عادل عەبدولمەهدی بوون بۆ سعوودیە"

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، کۆمەڵێک بازرگانی کوردیش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ سەردانی سعوودیایان کردبوو.

د. ناسر ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکوەزیرنی عێراق دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی داوسێ خۆش بکات و جموجووڵی بازرگانی زیاد بکات، چونکە ئەمەریکا پاڵەپەستۆی خستووەتە سەر ئێران و ئەویش دەیەوێت ڕێگەی دیکە بدۆزیتەوە، بۆیە دەیەوێت سعوودیا بکاتە بەدیل."

د. ناسر ھەرکی گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بازرگانی کورد و کۆمەڵێک وەزیریشی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ سعوودیا، ئەمەش واتای ئەوەیە ئیمانی بە پێکەوەژیان ھەیە و نایەوێت ھیچ پێکھاتەیەک پشتگوێ بخرێت، چونکە دەزانێت تەنیا بە پێکەوەژیانی پێکھاتەکان عێراق سەقامگیر دەبێت، بۆیە مافی ھەموو پێکھاتەکانی داوە، لەوانە کوردیش."

ھەرکی باسی لەوەش کرد: "بڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا دەروازەی عەرعەر لە نێوان عێراق و سعوودیا بکرێتەوە و دەیانەوێت لە سنووری سەماوەش دەروازەیەکی دیکە بە ناوی جومەیمە بکەنەوە."

بڵند ئیبراھیم