Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ژاپۆن دەیەوێ ئەزموونی خۆی بگوازێتەوە ھەرێمی کوردستان"

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارە ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی بۆ کارکردن بێنە ھەرێمی کوردستان و دەشڵێت، ژاپۆن دەیەوێ ھەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونە پێشکەوتووەکەیان وەربگرێت.

فەرەیدوون زامدار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتی ژاپۆن ئامادە نییە لەو وڵاتانەی ڕەوشی ئەمنییان سەقامگیر نییە کار بکات، بەڵام ھەرێمی کوردستانی جیا کردووەتەوە لە عێراق، چونکە ھیچ کۆمپانیایەکی ژاپۆنی ئامادە نییە بچێتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام دەیانەوێ لە ھەرێمی کوردستان جووڵەی بازرگانییان ھەبێت."

سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی دەڵێت: "ئێستا ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی ئامادەیییان دەربڕیوە بۆ کارکردن بێنە ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵیان لە کەرتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و ئەو دەزگایانەی تایبەتن بە بواری بازرگانییەوە. لە ماوەکانی ڕابردوودا سێ کۆمپانیای ژاپۆن ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و ھێشتا کۆمپانیای دیکەش بەڕێوەن."

دەربارەی سوودوەرگرتنی هەرێم لە ئەزموونی پێشکەوتووی ژاپۆن، فەرەیدوون زامدار ڕوونی کردەوە: "ئێمە چەندین جار ئەوەمان لەگەڵ ژاپۆنییەکان پات کردووەتەوە و ئەوان پێیان ڕاگەیاندووین ئامادەی ھەموو ھاوکاریەکن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و بازرگانانی هەرێم، بەتایبەتییش دەیانەوێ بازرگانانی ھەرێم بۆ وەرگرتنی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەوان سەردانی ژاپۆن بکەن، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازیدا، کە لەو بوارەدا ژاپۆن وڵاتێکی پێشکەوتووی جیھانە."

قائید میرۆ