Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"گوندەکانی مەخموور ھانایان بۆ پێشمەرگە ھێناوە"

مەخموور-KDP.info- یادگار ئەحمەد، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە مەخموور گوتی، دانیشتووانی گوندەکانی کورد لە سنووری مەخموور بەھۆی ھەڕەشە چڕەکانی داعشەوە خەریکە گوندەکانیان چۆڵ دەکەن و حکوومەتی عێراقیش نایانپارێزێت. ئەگەر ئەرکی پاراستنیان بدرێتە پێشمەرگە یەک کەس ناتوانێ تەعدایان لێ بکات، چونکە ھانایان بۆ پێشمەرگە ھێناوە بیاپارێزێت.

یادگار ئەحمەد، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ١٤ گوندەی داعش ھەڕەشەی بەردەوامی لێ دەکردن ئێستا ھەڕەشەکانیان چڕتر کردووە و خەڵکی ئەو گوندانەش، کە ھەموویان کوردن، خەریکە گوندەکانیان چۆڵ دەکەن، چونکە چیتر تەحەممولی ئەو دۆخەی ئێستا ناکەن، کە چەکدارانی داعش بە ئارەزووی خۆیان پارە و مەڕ و ماڵاتیان لێ دەستێنن."

یادگار ئەحمەد گوتیشی: "ئەو داعشانە لە حەویجە و زاب و ناوچەکانی دیکەوە ھاتوونەتە ئەو ناوچەیە و ناوچەکە بووەتە مۆڵگەی ئەوان، کە نزیکەی ٣٠٠ چەکدار دەبن و حکوومەتی عێراق خەڵکی ناوچەکە ناپارێزێت. ئێستا ئەوان ھانایان بۆ ئێمە ھێناوە و ئەگەر رێگەمان پێبدرێ دەتوانین بچینە ناوچەکە و بەئاسانی بیانپارێزین و ڕێگە نادەین یەک کەس تەعدایان لێ بکات."

بڵند ئیبراھیم