Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. عەبدولڕەزاق: پێشوازی لە بڕیاری قەدەغەكردنی گواستنەوەی گەنم دەكەین

 

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی عێراق گواستنەوەی گەنمی لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە كرد، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پێی وایە، بڕیارەكە گونجاوە و دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە ھێنانی گەنمی بیانی قەدەغە بكرێت و تێكەڵی گەنمی پارێزگاكان نەكرێت.

دكتۆر عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشكرای كرد: "حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا قەدەغە بكرێت و ڕێگە نادرێت لەمەودووا گەنم لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە بگوازرێتەوە، ئێمە وەك وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەین".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێران و سنوورەكانەوە ساڵانە گەنمێكی زۆر ھاوردەی عێراق دەكرێت و بە نرخێكی زۆر ھەرزان دەخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر نرخی گەنم لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، بەڵام بە قەدەغەكردنی، ڕێگە لە ھاتنی گەنمی قاچاغ دەگیرێت".

دكتۆر عەبدولڕەزاق ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر ڕێگە لە بەرھەمی بیانی بگیرێت، ساڵانە لە كاتی وەرگرتنی گەنم لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە، ڕێژەی ھەر پارێزگایەك دیار دەبێت، بەڵام پێشتر بەھۆی ھاتنی گەنم لە دەرەوە دیار نەبوو و تێكەڵاوییەك دروست ببوو".

لەبارەی وەرگرتنی گەنم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، ناوەندەیی دەڵێت: "ھێشتا دیار نییە و ئاگاداری وردەكاریی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ نیم، كە پشكی ھەرێمی كوردستان چەند دیاری كراوە، بەڵام دواتر دیار دەبێت چەندمان لێ وەردەگرن".

قائید میرۆ