Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، بە بۆنەی یۆبێلی زیوینی گۆڤاری گوڵان

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی (25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە. ئەمە دەقەكەیەتی:

هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و سەرجەم ئەندامانی ستافی نووسین و هونەری لە گۆڤاری (گوڵان)..

بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵیادی گۆڤاری (گوڵان) و لە یۆبێلی زیوینی تەمەنی، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و نووسەر خوێنەرانی گوڵان دەكەین، كاری بەردەوام و بەخشش و بەرهەمی چەندین ساڵەتان بەرز دەنرخێنین و، بۆ داهاتووش ئومێدەوارین بە هەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانەتان بەردەوام بن و لە گشت روویەكەوە هەنگاوی نوێتر و سوودمەندتر لەو بوارە بنێن.  

رۆژنامەگەریی كوردی هەمیشە لە خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەماندا رۆڵی كاریگەری خۆی گێڕاوە، گۆڤاری (گوڵان)یش لەو كاروانەدا نموونەی ئەزموونێكی گەش و تایبەتمەندە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆژنامەگەری و مەعریفیمان، هەروەها هەردەم وەك سەكۆیەكی دەوڵەمەندی بواری توێژینەوە و بەدواداچوون بووە بۆ پرسە هەنووكەیی و چارەنووسسازەكانی ئەو ئەزموونە و دۆزی رەوای گەلەكەمان.  

جێگەی شیاو و شایستەی گۆڤاری (گوڵان) لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی كوردی، وای كردووە هەردەم گیانێكی نوێی داهێنەرانەی بە باڵادا ببڕدرێت و لە پێشەنگدا بێـت، هەر بۆیەش مایەی بەهەندگرتن و رێزە.

جێی شانازییە بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی، كە (گوڵان) بەو مۆرك و رەسەنایەتییەی لە یۆبیلی زیوینیدا جێدەستی دیار و كاریگەر بووە بەسەر بواری رۆشنبیری و كولتووری و هەر بەو گیانە لەخۆبردووانەیشی بەردەوام دەبێ.

جارێكی دیكە (٢٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان_تان لێ پیرۆز دەكەین و، پاڵپشتیی تەواو و بەردەوامی دەزگاكەمان بۆ پێشكەوتن و بەردەوام بوونی گۆڤارەكە دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە داهاتووشدا هەردەم ئەو سەكۆیە دیار و بەرچاوەی رۆژنامەگەریی كوردی بن.. 

 

 دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

21/4/2019