Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەمسا ئامادەیی خۆی بۆ بەهێزتركردنی دۆستایەتی لەگەڵ كوردستاندا دەربڕی

نەمسا-KDP.info- وەزیری لاوان و گەشتوگوزاری نەمسا، لە دیداریدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی ئەورووپا و جیھان، رایگەیاند: "ئامادەین دۆستایەتیمان لەگەڵ حكوومەتی كوردستاندا بەھێزتر بكەین".

لە میانی پێشوازییە فەرمییەكانی دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانی نەمسا لە فەلاح حەسەن، ئەو لاوە كوردەی كە ھەردوو پۆستی جێگری سەرۆكایەتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا و جیھانی ھەیە، ئەمجارە لەلایەن خاتوو (ئەلیزابیت كۆشتینگەر) وەزیری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی لاوانی نەمساوە پێشوازی لێ كرا.

لە دیدارەكەدا، فەلاح حەسەن باسی لە رەوشی سیاسیی ھەردوو رێكخراوی لاوانی ئەورووپا و جیھان كرد و، پاشان تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی كوردستان لە دوای شەڕی داعش و جێماوەی ئایدۆلۆژیای ئەو رێكخراوە لەنێو مێشكی بەشێك لە گەنجانی شارەكانی عێراق و دەوروبەری، كە بێگومان جێگەی ترسە بۆ سەر ھەرێمی كوردستانیش.

فەلاح حەسەن، هەروەها باسی لە سەروبەندی دروستكردنی كابینەی تازەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش كرد و ھیوای خواست پەرە بە دۆستایەتیی نێوان هەرێم و نەمسا بدرێت.

لای خۆیەوە، خاتوو ئەلیزابیت پشتگیریی خۆی بۆ ھەرێمی كوردستان و لاوانی ھەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە قارەمانیەتیی گەلی كورد كرد بۆ بەرگریكردن لە ھەرێمەكەیان و پێشوازییان لە لێقەوماوانی جەنگ و تیرۆر، ھیواشی خواست كە گەنجی كورد زیاتر ڕۆڵ ببینن لە سەكۆ نێودەوڵەتی و سیاسییەكانی جیھانیدا، تا بتوانن پەیامی میللەتەكەیان بگەیەنن كە گرنگە بۆ نەوەی تازە و پێگەیشتووی دونیا شارەزاییان لەسەر مێژووی ئەم میللەتە خەباتكارە ھەبێت.

وەزیری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی لاوانی نەمسا گوتیشی، ئامادەن دۆستایەتییان لەگەڵ حكوومەتی كوردستاندا بەھێزتر بكەن.

شایەنی باسە (كریستیان زوول) كاندیدی پەرلەمانی ئەورووپا و ئەندامی سەركردایەتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا، لەو سەردانەدا یاوەری جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی ئەورووپا و جیھان بوو.