Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەكتەبی سیاسیی پارتی (25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان) پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە، پەیامێكی بڵاو كردەوە: ئەمە دەقەكەیەتی:

هەڤاڵانی بەڕێز/ سەرنووسەر و تێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەری لە گۆڤاری (گوڵان)..

لە بیرەوەریی (25)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)، وێڕای هیواخوازیی بەردەوامی و پێشوەچوونی زیاتر، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە زیاتر برەو بە پلان و كارەكانتان بدەن، دڵنیاشین لەوەی هەردەم مایەی ئەو شانازی و ئەو ئەركە پیرۆزە دەبن.

رێچكەی نەگۆڕ و باوەڕپێكراوی گۆڤاری (گوڵان) مایەی متمانەی خوێنەرانیەتی، كە بەپێی ئەو سیستەم و پڕۆگرامە رێكوپێك و تایبەتەی شوناسی خۆی دیاری كردووە و ئیتیك و بنەما و رەگەزەكانی رۆژنامەگەریی سەردەمیانەی پەیڕەو كردووە. لەو سونگەیەوە خزمەتێكی زۆری كایەكانی رۆژنامەگەری و رۆشنبیری و كولتووری كردووە، كە ئەمەش دەستكەوتێكی دیكەیە بۆ كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیمان.

لە نێو توێژی رۆشنبیر و ئەكادیمیستاندا رۆڵی گۆڤاری (گوڵان) روون و بەرچاوە و نكۆڵی لێ ناكرێ، پێگەی شایستەی خۆی چەسپاندووە، ئەمەش لایەنێكی دیكەی ئەو خزمەت و بەخششەیە، كە پێشكەشی كردووە و ئەو بوارەشی دەوڵەمەندتر كردووە.

 گۆڤاری (گوڵان) ژمارەیەكی بەرچاوی توێژەر و سیاسەتمەدار و ئەكادیمی ناسراوی عەرەبی و بیانی و جیهانی بەیەكەوە كۆ كردووەتەوە، بۆیە لەو رووەوەش تایبەتمەندی و دانسقەیی خۆی سەلماندووە، هەروەها لە رووی ئیتیكی پیشەوەرانەوە گۆڤاری (گوڵان) پەیڕەوی رەوتێكی راست و دروستی كردووە و بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كردووە.

جارێكی دیكە بە بۆنەی یۆبیلی زیوینیەوە، پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆمان بۆ سەرخستن و بەردەوامی و زیاتر پێشخستنی گۆڤاری (گوڵان)  دووپات دەكەینەوە. هەر سەركەوتوو بن..

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

       21/4/2019