Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەندرێن محەمەد: پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دابەش دەكرێت

 
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، وادەی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و دەڵێ: "لە هەموو شار و شارۆچكەكان حیسابی بانكیمان كردووەتەوە".
 
هەندرێن محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەك كۆمسیۆن‌ تەواوی ئامادەكارییە ئیداری و داراییەكانمان تەواو كردووە، چەكی بانكی و حیسابمان بۆ بانكەكان كردووەتەوە و چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی ئایندە‌‌ پارەكە دابەش بكرێتە سەر كارمەندانی سندووقەكانی دەنگدان".
 
محەمەد روونیشی كردەوە: "لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك، 53 حیسابی بانكیمان كردووەتەوە، ئەمەش بۆ ئاسانكاریی هاووڵاتیانە، كە بتوانن لە هەر شوێنێك بن بڕی پارەكەی خۆیان لە بانكەكان وەربگرن، هەروەها ناوی كارمەندانمان ئامادە كردووە و‌ هەر كارمەندێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەتوانێ پارەكە وەربگرێت".
 
دەشڵێ: "لەسەر بەڵێنی بەڕێوەبەری بانكە گشتییەكان، لە ماوەی هەفتەیەكدا دەتوانین تەواوی پارەكە دابەش بكەینە سەر كارمەندانی سندووقەكانی دەنگدان".
 
ناوبراو راشیگەیاند، ‌بڕی پارەكە 6 ملیار دینارە ‌و 43 هەزار كارمەند پارەكە وەردەگرن، هەروەها هەر كارمەندێك بڕی 150 هەزار دیناری پێدەدرێت و بەڕێوەبەرەی بنكەكانیش بڕی 200 هەزار دینار وەردەگرن.
 
هەڵكەوت محەمەد