Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ژنى قیامه‌ پیرۆز ده‌كات

 
هەولێر-KDP.info- له‌ په‌یامێكدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، جه‌ژنى قیامه‌ى حه‌زره‌تى مه‌سیح سڵاوى خواى لێ بێت پیرۆز ده‌كات، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
 
جه‌ژنى قیامه‌ى حه‌زره‌تى مه‌سیح سڵاوى خواى لێ بێت له‌ ته‌واوى خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و سه‌رتاسه‌رى جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین. هیوادارین جه‌ژنێكى خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن و ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاشته‌وایى باڵ به‌سه‌ر هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تیدا بكێشێت.
 
له‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ كار ده‌كات بۆ جێگیربوون و قووڵكردنه‌وه‌ى زیاترى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كوردستاندا، ئه‌و كولتووره‌ى كه‌ مایه‌ى شانازیى هه‌موو گه‌لى كوردستان و جێى ڕێزى جیهان و مرۆڤایه‌تیشه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار ده‌كات بۆ یه‌كسانى و دابینكردن و پاراستنى مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان.
 
دووباره‌ جه‌ژنى قیامه‌ له‌ خوشك و برایانى مه‌سیحى به‌تایبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان پیرۆز بێت، هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ دۆخێكى باشتر و ئارامى و سه‌قامگیرییه‌كى زیاترى دوور له‌ شه‌ڕ و توندوتیژى و تیرۆر و له‌ كوردستانێكى خۆشگوزه‌رانتر و ئاوه‌دانتردا بكه‌نه‌وه‌.
 
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
21/4/2019