هەولێر-KDP.info- ئاسایشی هەولێر تاوانبارێکی دەستگیر کرد کە دەستدرێژیی سێکسیی کردبووە سەر ئافرەتێک و ددانپێدانانەکەی بڵاو کردەوە، کە ئەمە وردەکارییەکەیەتی:
ئافرەتێکی بیانی لە ئاسایشی هەولێر سکاڵا تۆمار دەکات، کە شۆفێرێکی تاکسی بە زەبری چەقۆ و ترساندن دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەری، دوای لێکۆڵینەوە، بە ماوەیەکی کەم ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە دەدۆزنەوە و دەستگیری دەکەن.
لە ڕاگەیانراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێردا، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووە: ئافرەتێکی بیانی بە مەبەستی گەیشتنی بە عەنکاوە، سواری تاکسییەک بووە، بەڵام شۆفێری تەکسییەکە دەیباتە چۆڵەوانییەکی نزیک بنەسڵاوە و بە هەڕەشە و دەرهێنانی چەقۆ لێی، دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەری، دواتریش ئافرەتە بیانییەکە لە چۆڵەوانییەکە فڕێ دەدات.
هەر بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ئافرەتە بیانییەکە خۆی دەگەیەنێتە ئاسایشی هەولێر و سکاڵا تۆمار دەکات، دوای لێکۆڵینەوەی وردی ئاسایش، کەسی تۆمەتبار دەدۆزرێتەوە و دەستگیر دەکرێت، دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا، ددان بە تاوانەکەیدا دەنێت.
خێڵان بهختیار