Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سبەی ٥٣ بنکەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە ھەولێر دەکرێنەوە"

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە سبەی (٢١ی نیسان) ھەموو بنکەکانی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر بکرێنەوە و سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنەکانیش لە ھەولێر دەڵێ، پێویستە ھەموو دەنگدەرێک بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکات و ئەوانەیشی کارتیان ون کردووە کارتی نوێ وەربگرنەوە.

عەلی قادر، سەرۆکی فەرمانگەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو ڕاھێنان بە کارمەندانی کۆمسیۆن کراوە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە (٢١ی نیسان) ٥٣ بنکەی کۆمسیۆن پێشوازی لە دەنگدەران بکەن بۆ تۆمارکردنیان لەنێو پڕۆسەکەدا."

سەرۆکی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "پێشتر بەھۆی کەمیی کارمەند و نەکردنەوەی ژمارەی پێویستی بنکە، ژمارەیەکی کەمی ھاووڵاتییان لە خۆتۆمارکردن بۆ پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدان بەشدارییان کردووە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین لە سبەی بەدوواوە ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان بەشدار بن."

قادر داوایشی لە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای ھەولێر کرد، سەردانی بنکەکان کۆمسیۆن بکەن، ئەوانەی پێشتر خۆیان تۆمار نەکردووە، تا بتوانن خۆیان لەنێو سیستەمەکەدا تۆمار بکەن، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا کە بەڕێوە بچێت.

عەلی قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێویستە ئەو دەنگدەرانەی پێشتریش بایۆمەترییان کردووە و کارتەکانیان بە ھەر شێوەیەک ون کردووە، سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی کارتی نوێیان بۆ دروست بکرێت، چونکە بەبێ کارت لە ئایندەدا کێشەیان بۆ دروست دەبێت."

 

قائید میرۆ