Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت پلانی ھەیە ئەمساڵ تەواوی قەرزی بەڵێندەران بداتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێ، ئەگەر دۆخی ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیە باش بێت، ئەمساڵ تەواوی قەرزی بەڵێندەران دەداتەوە، کە یەک‌ ملیار دۆلارە و بەھۆی دانەوەی بڕێکی ئەو قەرزەشەوە ٢٠%ی پڕۆژەکان دەستیان پێ کردووەتەوە.

بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی قەیرانی دارایییەوە بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزداری بەڵێندەرانە و تاوەکو ئێستا ١٦٠ملیۆن دۆلاری لەو قەرزە داوەتەوە و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو ھەموو قەرزەکان دەداتەوە. حکوومەت پلانی داناوە ئەگەر دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان باش بێت تا کۆتاییی ئەمساڵ سەرجەم قەرزەکان بداتەوە."

بەشار عەلی گوتی: "جووڵەیەکی باش لە دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکاندا هەیە و ئێستا٢٠%ی پڕۆژەکان دەستیان پێ کردووەتەوە و ئەگەر قەرزەکان بدرێنەوە سەرجەم پڕۆژەکان دەستبەکار دەبنەوە."

بەشار عەلی گوتیشی: "ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان زۆر باشە، بەردەوام شاندی بیانی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن."

بڵند ئیبراھیم