Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژوورەکانی بازرگانی: ھەرێمی کوردستان بووەتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەرێمی کوردستان بووەتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتان و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا ١٤ شاندی بازرگانیی بیانی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتیی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێم دەکات.

ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژ بە ڕۆژ ھەرێمی کوردستان زیاتر بە ڕووی وڵاتاندا دەکرێتەوە و وڵاتی زیاتر سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان بووەتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتان و تەنیا لەمساڵدا ١٤ شاندی وڵاتانی جیاجیا سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە."

ئەسکەندەر محەمەد گوتی: "ئەو شاندانەی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا و ئۆردن و لوبنان و ئێران و تورکیا و ھیندستان و چەند وڵاتێکی دیکەوە بوون."

محەمەد باسی لەوەش کرد: "ھەر شاندێک دێتە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی ئێمە دەکات و زۆر جار خۆی سەردانی ژووری بازرگانی دەکات و لەگەڵ شاندە بیانییەکان دیدار دەکات، ئەمەش مایەی دڵخۆشیی ئێمەیە."

بڵند ئیبراھیم