Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەیەکی پەرلەمان کار بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابییان دەکات

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێ، بەردەوامن لە کارکردن بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان، کە ساڵانە ئەو دەرماڵەیەپێویستی بە ٥٠ ملیار دینارە.

دکتۆر زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەکەمان لەسەر داوای کۆمەڵێک قوتابیی زانکۆ بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابییان کۆ بووینەوە و دوو لیژنە پێک هات و لەسەر ئاستی پەرلەمان لەگەڵ هەریەکە لە وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا کۆ بووینەوە و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکانمان کرد. پێیان ڕاگەیاندووین بەپێی ئەو تۆمار و لیستەی لەژێر دەستدایە بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەی سەرجەم قوتابییانی بەشە ناوخۆیی و ناوخۆی شارەکانەوە مانگانە 6 ملیار دینار و ساڵانە 50 ملیار دیناریان پێویستە و لە هەوڵدان بە وردی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن."

زێدان برادۆستی گوتی: "ڕاپۆرتمان پێشکەش بە وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا کردووە و هاوکار و پشتیوانی قوتابییان دەبین بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان و، بەپێی ڕێنیماییی کارپێکراوی وەزارەتی دارایی و خوێندنی باڵا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە دەرماڵەی قوتابییانی بەشە ناوخۆیی و شارەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو دەرماڵەیەی بەپێی ڕێنماییی دەستنیشان کراوە بۆ یارمەتیدانانی قوتابی. هەوڵیش دەدەین لەم خولەی پەرلەماندا بە یاسا جێگیری بکەین."

زێدان برادۆستی دەشڵێت: "هەر ڕاپۆرت و پێشنیازێک ڕەهەندی داراییی هەبێت، وەزارەتی داریی خوێندنەوەی زیاتری بۆ دەکات، بۆیە لە ڕێگای لیژنەی داراییی پەرلەمانەوە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە سەرکەوتوویی لە بەرژەوەندیی قوتابییان تێپەڕ بێـت و دڵنیایی دەدەینە قوتابییان بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە خەمخۆری ئەوانین، بەڵام پێ دەچێت بکەوێتە کابینەی داهاتوو کە وردتر کار لەسەر ئەم بابەتە بکات."

هۆزان سەمەد