Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەڵک سزایان دەدات!..

 
د.سالار عوسمان
 
 
خەڵک، ھەڵبژاردن، پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و بەرنامەی کابینەکە، چوار بابەتی بەیەکەوە گرێدراوی جێبایەخی قسەھەڵگرن و جۆر و چۆنیەتی بەڕێوەچوونیان، کۆمەڵگەی سیاسیی ساغڵەم و ناسەغڵەمی پێ لە یەکتر جیا دەکرێنەوە.
جارێ دەسپێک پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە، کە کۆمەڵگەی سیاسیی ساغڵەم بریتیە لەو کۆمەڵگەیەی، کە بێ ئاریشە، یا بە کەمێک ئاریشەوە کابینەی نوێی حکومەت پێک دەھێنن و بەواتایەکی ڕوونتر حزبەکانیان قایل دەبن بە دەنگەکانیان و بۆڵەبۆڵ ناکەن !..
کۆمەڵگەی سیاسیی بە بۆڵەبۆڵ، ئەو کۆمەڵگایانەن، کە حزبەکانیان ڕێز لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ناگرن، بەڵکو گرفتخوڵقێنن، دەیانەوێت پتر لە ھەقی خۆیان پۆست وەربگرن!.
کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان، یەکێکە لەو کۆمەڵگە بە بۆڵە بۆڵانەی، کە حزبەکانیان قایل نابن بە ئەنجامی ھەڵبژاردن، ئەمە ھەر ئەمجارەیش وا نییە، بەڵکو لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) ەوە تا ئێستا، واتە لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی(1992)، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕازی نەبوو بە ئەنجامی دیموکراسییانەی ھەڵبژاردن و تا ئێستا، ئەم ڕازینەبوونەی یەکێتی بۆتە گرفت و بەردەوام ئەم گرفتە گیان و جەستەی دیموکراسی کلۆر دەکات و ئێستا ھەموومان بە دیار ئەم تراژیدیاوە سەیری حەزینی نیشتیمانێک دەکەین، کە ئەرکی وەدیھێنانی خەونەکانی تەکمیل نەکردووە!.
تراژیدیایە، بەڵێ تراژیدیایە حزبی سیاسی بچێتە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕێز لە خەڵک نەگرێت، چونکە ئەوە خەڵکە دەنگ دەدات و بڕیار دەدات، بۆ نموونە، ئەوە خەڵکە بڕیاری داوە، کە : 
- ھەرگیز یەکێتیی نیشتیمانی نەبێتە حزبی براوە !.
- جارێک بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە حزبی دووەم و جارێکیتر یەکێتی !..
- یەکگرتووی ئیسلامی جارێک باش بێت و جارێکیتر دەنگەکانی ببن بە نیوە !..
دەنگدان بڕیارە، خەڵک لە ھەڵبژاردندا بڕیار دەدات، دواتر خەڵک، بە کۆمەڵێک پرسیارەوە چاوەڕوانی بەرھەمی دەنگ و بڕیاری خۆی دەکات،:
- ئایا حزبەکان چۆن و بە چ نیازێک کابینەی حکومەت پێکدەھێنن ؟!..
- بەرنامەی کابینەی حکومەت چۆنە و چی دەکات و ژیان لە سایەی دەنگداندا چ گۆڕانێکی پۆزەتیڤ بە خۆیەوە دەبینێت؟!. 
- کێ گرفت دروست دەکات، کێ چارەسەری پێیە؟!..
- کێ واز لە دەنگی خۆی دێنێت و کێیش داوای زیاتر لە دەنگی خۆی دەکات ؟!..
- کێ لە خەمی وڵات و ھاوڵاتیان دایە و کێیش تەنیا خەمی پۆست و گیرفانیەتی؟!..
خەڵک ئەم پرسیارانە دەکات، بە ھێمنی بیر دەکاتەوە، سەیر دەکات، لێ ڕادەمێنێت، ڕەفتارەکان دەخوێنێتەوە، بە ووردی بە دوای وەڵامی پرسیارەکاندا دەگەڕێت، وەڵام دەدۆزێتەوە، دواتر بەم سایکۆلۆژییای وەڵامەوە قەناعەت بۆ خۆی دروست دەکات، بەم قەناعەتەوە جارێکیتر دەچێتەوە سەر سندوقی دەنگدان و بڕیار دەدات، بڕیار دەدات ئەوانە، واتە ئەو حزبانە سزا بدات، کە:
- ڕێزیان لە دەنگی ئەو نەگرتووە.
- دیموکراسییان ناشیرین کردووە.
- پتر لە دەنگی خۆیان داوای پۆست دەکەن.
- لێنەگەڕاون بە ئاسایی کابینەی حکومەت پێک بێت.
- گرفتخوڵقێنن، زەمەنیان بەھەدەر داوە.
- نێوبانگی دیموکراسی ھەرێمی کوردستانیان لەکەدار کردووە.
- کاریگەریی خراپیان کردۆتە سەر ژیان و بژێوی و ئابووری کوردستان.
- خەڵکیان ماندوو و تووڕە و جاڕس کردووە.
بەڵێ، خەڵک سزایان دادات، بەڵام کەی؟!. لە ھەڵبژاردنی دادێ و لەسەر سندووقی دەنگدان!..