Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی: بەم زووانە دانوستانی كۆتایی دەكرێت و حكوومەت پێكدێت

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی بولگاریا، هۆشیار سیوەیلی ڕایگەیاند، سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم، لایەنەكان زۆر لێك نزیكن و بەم زووانەش دانوستانی كۆتایی دەكرێت و حكوومەت پێك دەهێندرێت.

پلامێن هریستۆڤ، باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتییەوە پێشوازی كرا.

سیوەیلی، بەخێرهاتی پلامێن هریستۆڤی كرد و لە ڕێگای باڵیۆزەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی بولگاریای كرد، كە لە شەڕی تیرۆردا پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان و عێراقیان كردووە بۆ تێكشكاندنی تیرۆرستان.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، باسی لە پەیوەندییەكانی نیوان گەلی كوردستان و بولگاریا كرد و بە مێژوویی و گرنگ لە قەڵەمی دا، لە درێژەی ئەو دیدارەدا باس لە بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا لە بوارە جیاوازەكاندا كرا، بە تایبەتی بەهێزكردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی، ئابووری و كەلتووری.

لە میانەی ئەو دانیشتنەدا، دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران و، سیوەیلی لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕایگەیاند: "ئێمە وەكو گەلی كوردستان پێمان باشە ناكۆكییەكان بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن".

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، ئەوەی خستە ڕوو كە كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ، خاوەنی ڕوئیای جیاوازن لە مامەڵەكردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، بە شكاندنی بەستەڵەك و خستنەڕووی ئیرادەی بەهێزی گەل و حكوومەتی هەرێم ناو برد بۆ ئەوەی بە دیالۆگ كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێندرێت و پاڵپشتییش لە حكوومەتی نوێی فیدراڵ بكرێت، تاكو بتوانێت بەسەر بەربەست و ئاستەنگەگاندا زاڵ بێت.

هەر لەو دیدارەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم باسی لێوە كرا و هۆشیار سیوەیلی ئەوەی خستە ڕوو، كە لایەنەكان زۆر لێك نزیكن و لە ماوەیەكی نزیكدا دانوستانی كۆتایی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ دەست پێدەكاتەوە و بەم زووانە كابینەی نوێ بۆ خزمەتی كوردستان پێك دەهێندرێت.

پلامێن هریستۆڤ، سوپاسی ئەو دەرفەتەی كرد و هیوای بەردەوامبوونی سەركەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی لە هەموو بوارەكان بۆ حكوومەتی هەرێم خواست. ئەو هەروەها باسی لەو بوارانە كرد كە حكوومەتی وڵاتەكەی دەتوانێت هاوكاریی هەرێم و گەلی كوردستان بكات و، دووپاتیشی لە بەردەوامیی پاڵپشتیكردنی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان كردەوە. 

لە كۆتاییدا هەردوولا باسیان لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد و، سوەیلی ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پیشان دا بۆ هاوكاری و ئاسانكاری لە فراوانكردن و گەشەكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا.