Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كاكەڕەش سدیق: خەڵكی شۆڤێنی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كەركووك و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت

كەركووك-KDP.info- ماوەیەكە داگیركردنی زەویی ھاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری سەریھەڵداوەتەوە، بەرپرسێكی كوردیش لە كەركووك دەڵێت، خەڵكی عەرەب بە دزییەوە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و لە كەركووك و دەوروبەری نیشتەجێ دەكرێن.

كاكەڕەش سدیق، سەرۆكی پێشووی لیژنەی ماددەی ١٤٠، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، پێویستە كار بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بكرێت و زەویی كورد بۆ خاوەنەكانیان بگەڕێتەوە، ئێمە چاوەڕێی دانوستانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵین بۆ ئەوەی ھەنگاو بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە بنێن".

سەرۆكی پێشووی لیژنەی ماددەی ١٤٠ گوتیشی: "خەڵكی عەرەب بە دزییەوە دەگەڕێنەوە كەركووك و دەوروبەری و ئاسانكارییشیان بۆ دەكرێت، ئەوانیش بەشێكیان لەنێو شار و بەشێكیشیان لە دەوروبەری كەركووك نیشتەجێ دەكرێن، بۆیە ھێشتاش پڕۆسەی ھاوردەكردنی عەرەب بۆ كەركووك بەردەوامە".

بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا ژمارەی دانیشتووانی ھەر پارێزگایەك بە پێكھاتەكانییەوە دیاری بكرێت، كاكەڕەش سدیق ده‌ڵێ: "ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، كاریگەری لەسەر چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانەی دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ ھەیە، بە تایبەتی كورد زۆرترە لە ھەموو نەتەوەكانی دیكەی كەركووك، واتە دەمەوێ بڵێم ئێمە مەترسیمان نییە و بەڕێوەچوونی سەرژمێری بۆ داھاتووی كورد زۆر باشە و لە قازانجی كوردە".

 

قائید میرۆ