Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سۆران لیژنەیەک بۆ دووبارەپشکنینی کەمئەندامان پێک دێ

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران دەڵێ، لە سنووری شارۆچكەكانی سۆران 4 هەزار و 880 كەس مووچە وەردەگرن، مووچەی نزیكەی 800 كەسیش بڕاوە، بۆ ئەوانەى ناڕازین، لیژنەیەك پێك دێت و دووبارە پشكنین بۆ ئەو كەمئەندامانە دەكرێتەوە.

تووران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ژمارەی كەمئەندامان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە هەرچوار شارۆچكەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز لەخۆ دەگرێت، دیارە تا ئێستا هیچ ئەندامێكی دیكە وەرنەگیراوە، هەندێك لە ئەندامان لە لیژنە دەرنەچوون، هەندێكیان سكاڵایان هەبوو، بۆ بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانی ئەوان لیژنەیەكی دیكە پێك دێت، دووبارە پێداچوونەوە بە كەمئەنداماندا دەكرێت كە ئێستا 4 هەزار و 880 كەس مووچە وەردەگرن، هەروەها مووچەی زیاتر لە 700 كەمئەندامیش بڕاوە، پێمان باشە ئەو كەمئەندامانەش لە داهاتوودا لەو مووچەیە سوودمەند بن."

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران گوتیشی: "ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی ئۆتیزم بوونە، لە بابەتی مووچە وەكو كەمئەندام مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، لە بەرنامەماندایە و داواشمان كردووە لە داهاتوودا سەنتەرێك بۆ شیاندن و ڕاهێنانی كەمئەندامان بكرێتەوە، كە سۆران پێویستی بە سەنتەرێكی ئۆتیزم هەیە، بەڵام ئەوەش كاتی پێویستە تا ئەو سەنتەرە بكرێتەوە".

ڕابین شێروانی