Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عەبدوڵڵا: ھەڕەشەی داعش بۆ سەر قەراج زیادی کردووە

مەخموور -KDP.info- لە سنووری قەزای مەخموور تا دێت ھەڕەشەی داعش زیاتر دەبێت و بەرپرسی لقی پارتیش لە مەخموور پێی وایە، ھێزەکانی عێراق نەیانتوانی ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن و دەشڵێ، تەنیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا چواردە گوندی سنووری ناحیەی باقرتی، سەر بە مەخموور چۆڵ کراون.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخموورى پارتی دەڵێت: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، دووبارە داعش گەڕاوەتەوە سنووری مەخموور، ئێستا ئەو سێ ناحیەی لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە گوێڕ، دیبەگە، مەلا قەرە، ھەمووی پێشمەرگەی تێدایە و داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە، بەڵام لە چیای قەرەچۆغ بە دیوی مەخموورەوە  زۆر زیادیشی کردووە."

بەرپرسی لقی مەخموورى پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە: "یەکێک لەو ناوچانەی جووڵەی داعش تێیدا زیاد کردووە، سنووری ناحیەی باقرتە (قەراج) بەھۆی ھاتوچۆ و ھەڕەشەی بەردەوامی چەکدارانی داعشەوە ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ئەو سنوورە پەیدا بووە."

کرمانج عەبدوڵڵا دەشڵێت: "ڕۆژانی ڕابردوو بەھۆی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشەوە خەڵکی چواردە گوندی سنووری باقرت شوێنەکانیان چۆڵ کردووە، بەڵام بڵێم ھەموو بەیەکجاری چۆڵ کرابێت، نا خەڵکی تێدا ماوە، بەڵام بەشێکی زۆریان گوندەکانیان بەجێ ھێشتووە، زۆرینەی ئەو گوندانەش کوردنشینن."

کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەڕەشەی داعش بۆ سەر مەخموور لە پێشتر زیاترە، لەبەر ئەوەش، مەترسیی زیاتری بۆ سەر ناوچەکە بەدی هێناوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار داعش ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەداخەوە ھێزەکانی عێراق بە سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدەوە نەیانتوانیوە ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەوەیش بووەتە ھۆی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە."

قائید میرۆ