Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک ڕێگری لە چوونی ئەندامان بۆ ناو ئەنجومەن کراوە

 

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ویستوویانە بچنە ئەنجومەن، بەڵام بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک ڕێگرییان لێ کراوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەسەڵات لە کەرکووک سەربازییە و ئەنجومەن ھیچ ڕۆڵێکی نییە.

 

عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک_گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ویستوویانە بچنە ناو ئەنجومەن بۆ دەوامکردن، بەڵام بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک ڕێگرییان لێ کراوە و ھێزە ئەمنییەکان نەیانھێشتووە بچنە ناو ئەنجومەن، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت کە پارێزگار بودجەی پارێزگای بە ئارەزووی خۆی دارشتووە و ئەنجومەنیش ڕەتی کردووەتەوە."

 

عەدنان کەرکووکی گوتیشی: "ئەو ڕێگریکردنە ئەوە دەسەلمێنێت کە لە کەرکووک دەسەڵات سەربازییە و ئەنجومەن ھیچ ڕۆڵێکی نییە، ئەگەر نا، پارێزگارێکی بەوەکالەت مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە نوێنەری شەرعیی پارێزگا بکات کە ئەنجومەنە، ھەربۆیەش ئێمە بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە تا دۆخی کەرکووک ئاسایی نەبێتەوە، ناگەڕێینەوە بۆ کەرکووک."

 

بڵند ئیبراھیم