Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

 
هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بەم زووانە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات.

رۆژی 4ی مانگی شوبات، شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەدا كۆ بوونەوە، دواتریش چەند لیژنەیەك بۆ رووپێوكردنی ناوچەكان پێك هێندران.

فەریق جەمال محەمەد ئیمێنكی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەو كۆبوونەوەیەی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەنجاممان دا، بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق، كە تایبەتە بە رووپێوكردنی ئەو ناوچانەی لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا دیاری كرابوون، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بزانن لیژنەكان چییان كردووە".

ئیمێنكی ڕاشیگەیاند: "لیژنە فەرعییەكان ڕووپێوی خۆیان لەو ناوچانەی بۆیان دیاری كرابوون كردووە و پێشنیازی خۆیشیان بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە كردووە، ئەمەش كۆبوونەوەی دووەمە ئەنجامی دەدەین و تا ئێستاش خاڵەكان نە لایەنی بەغدا باسیان كردووە و نە ئێمەش چووینەتە ناو ناوەڕۆكی بابەتەكانەوە، ئەوەی هەیە تەنیا رووپێوكردنی ناوچەكانە و دیاریكردنی سەنگەرەكانی هەردوولایە لەسەر نەخشە، چونكە ئەو لیژنەیەی دێن، خاوەنی بڕیار نین و چاوەڕێین تا لیژنەكە بێن و بزانین چی پێویستە بیخەینە بەرباسەوە".

هەفتەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی دا، بۆ ئەم پرسەش سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئاماژەی دا: "بڕیار وایە بەم زووانە شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە یەكلا بكاتەوە."

 

نەشوان بەرزنجی