Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: یەكەی ٧٠ و٨٠ نامێنن.. پێشمەرگە دەبێتە ھێزی یەكگرتووی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، لە پڕۆژەی چاكسازیدا پێنج خاڵ جێبەجێ كراون و ١٣خاڵی دیكەش لە جێبەجێكردندان. دەشڵێ، ھێزی پێشمەرگە دەكرێتە ھێزێكی نیشتیمانی بە سیستەمی نێودەوڵەتی و ئەوكات پێشمەرگە دەبێتە یەك ھێزی یەكگرتووی كوردستان.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد پشدەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پڕۆژە ٣٥ خاڵییەكەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ٥ خاڵیان بە تەواوی جێبەجێ كراون و ١٣ خاڵی دیكەش لە جێبەجێكردندان، كە ھەشتیان نزیكە تەواو ببن و پێنجەكەی دیكەش نیوەی زیاتر تەواو بوون، بۆیە ھەنگاوی گرنگ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نراوە".

لیوا بەكر گوتیشی، ئەو خاڵانەی لە پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ كراون، ھەموو بوارەكانی وەزارەت لە دەگرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، ھەوڵدەدرێت ھێزی پێشمەرگە بكرێتە ھێزێكی نیشتیمانی لەسەر سیستەمی ھێزی نێودەوڵەتی و كاری باش بۆ ئەمەش كراوە، ئەگەر حكوومەتیش پێك ھات ئەو ھێزە دروست دەكرێت و راستەوخۆش یەكەی ٧٠ و٨٠ نامێنن و ھەموویان یەك دەخرێن، چونكە سیستەمێكی زۆر باش و رێكخراوە.

دەشڵێ، كاری بەردەوام لە پڕۆژەكەدا دەكرێت و بەردەوامیش دەبێت تاوەكو تەواوی خاڵەكان جێبەجێ دەكرێن.

 

بڵند ئیبراھیم