Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وردەکاریی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر گوتی، قۆناغی یەکەمی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری دەستی پێ کردووە و شەقامەکە بە پێنج قۆناغ دروست دەکرێت و ماوەی دروستکردنەکەیشی ھەزار و٢٥٠ ڕۆژە و پڕۆژەکەش بەقەرز دروست دەکرێت تاوەکو تەواو نەکرێت و حکوومەت پارەی بۆ خەرج ناکات.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر، سەرتیپ قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری کۆمپانیای ھێمن گرووپ دروستی دەکەن بەقەرز تاوەکو حکوومەت پارەی ھەبێت بیانداتەوە و ئێستا پڕۆژەکە دەستی پێ کردووە و بە پێنج قۆناغ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت."

 

سەرتیپ قادر گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە ھاوشێوەی جادەی ١٢٠ مەتری دەبێت و بە تەواوکردنی جادەکە قەڵەباڵغیی ناوشار نامینێت و ڕێگاکانیش زۆر نزیک دەبنەوە، بۆیە سوودی زۆری بۆ خەڵکی ھەولێر دەبێت و گرنگییەکی زۆریشی ھەیە."

 

قادر باسی لەوەش کرد: "بڕیارە دروستکردنی ئەو شەقامە لەوەی ھەزارو٢٥٠ ڕۆژ دروست بکرێت."

 

گوتیشی: "ھەرکاتێک کۆمپانیا پڕۆژەکەی تەواو کرد ئەوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەیان بۆ خەرج دەکات."

 

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئەوەیشی خستە ڕوو: "جادەکە بە شێوەیەکی ستانداری جیھانی دروست دەکرێت و درێژییەکەیشی ٧٠ کم دەبێت و بە ھەمان شێوەی جادەی ١٢٠ مەتریی شاری ھەولێر دەبێت و شەقامێکی خێرایە و ھیچ پێچی نییە و ھەمووی لە شێوەی بەرزە پرد دەبێت."

 

بڵند ئیبراھیم