Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد حوسێن و وەزیری بازرگانیی بەریتانیا كۆ بوونەوە

 
لەندەن-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیران- وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیادا كۆ بووەوە.
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری - وەزیری دارایی، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا پێشوازی لە گراهام ستیوارت، وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیا كرد.
 
لەم دیدارەدا، هەردوولا تیشكیان خستە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوانیان و باسیان لە ڕۆڵی كەرتی تایبەت كرد لەم بوارەدا.
 
جێگری سەرۆكوەزیران كورتەیەكی لەبارەی یاسای بودجەی ساڵی 2019 پێشكەش كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە حكوومەتی عێراق زوو دەستی بە ئامادەكاری كرد بۆ بودجەی ساڵی 2020 لە رێگەی چەندین كۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت و دەستە و پارێزگاكان بۆ زانینی پێداویستییەكانیان.
 
فوئاد حوسێن دووپاتیشی كردەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا چەندین كۆبوونەوەی گرێ داوە لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە عێراقییەكان بۆ پرسی پاراستنی ڕەوشی كار و وەبەرهێنان و چارەسەركردنی سیستەمی گومرگی و پێشخستنی سیستەمی بانكی و پەیوەندیی نێوان عێراق و بەریتانیا و پێشخستنی كاری كەرتی تایبەت لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
 
دووپاتیشی كردەوە، كە بەریتانیا هاوبەشێكی گرنگی عێراقە و لە لای حكوومەتی عێراق زۆر گرنگە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگاتە ئاستێكی بەرز لەگەڵ ئەم وڵاتەدا.
 
ستیوارت ئامادەیی وڵاتەكەی خۆی نیشان دا بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ پێشخستنی كاری بازرگانیی نێوان هەردوولا و زیاتركردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سوودوەرگرتن لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە عێراق.