Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە‮ ‬یادی‮ ‬(60)‮ ‬ساڵەی‮ (‬خەبات)دا

 
سەلام عەبدوڵڵا
 
لە 1959/4/4دا یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی خەبات، دوای مۆڵەت پێدانی لەلایەن حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بە فەرمی بڵاوكرایەوە واتا شەست ساڵ لەمەوبەر كە دەبێتە دێرینترین رۆژنامەی سیاسی كوردی كە بە بەردەوامی لە شارو لە شاخ، لە ئاشتی و شەڕدا رۆڵی هۆشیاركردنەوەو پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و دیموكراتی گێڕاوەو هەردەم لە سەنگەری پێشەوەی داكۆكیكارانی دۆزی رەوای گەلەكەمان بووەو هەرگیز سازشی لەسەر پرسە نەتەوەییەكان لە نالەبارترین دۆخیشدا نەكردووە.
لە سەرەتای ساڵی شەستەكاندا كە شۆڤێنیستە عەرەبییەكان بەتایبەتی لە بەغدا، لە رێی رۆژنامەكانیانەوە، هێرشێكی زۆر ناڕەوایان دەكردە سەر گەلەكەمان و نكۆڵی لە كوردو لە خاكی كوردستان دەكرد، هەر لەو كاتەدا رۆژنامەی خەبات بە كۆمەڵێك وتاری ئاگرین و سەنگین، بەهێزو بەتین وەڵامی ئەو دەنگە نەسازانە و بە بەڵگەی مێژوویی پووچەڵی ئەو بیرو بۆچوونە شۆڤێنیستانەی دایەوە.
خەبات هەر زوو بووە جێی متمانەی تێكڕای خەڵكی كوردستان، ئەگەرچی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەڵام لە ڕاستیدا زمانحاڵی هەموو گەلەكەمان بوو.
سەنگینی خەبات و ڕاستگۆیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا هەواڵێك یان رووداوێك بە تەواوی لە سەرچاوەی ڕاست و دروستی نەكۆڵابێتەوە بڵاوی نەكردۆتەوە، هەربۆیە ئەمڕۆ ئەرشیفی خەبات سەرچاوەیەكی گەلێك گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لەسەر مێژووی كوردو خەبات و بەرخودانی لە ماوەی ئەم (60) ساڵەدا بكۆڵنەوەو بنووسن، ئەوا خەبات باشترین و ڕاستگۆترین سەرچاوەیە.
رۆژنامەی خەبات هەمیشە بەشدارییەكی كارای هەبووە لە خەباتی گەلەكەمانداو لەسەر ئەو ڕێڕەوە دروستەی خۆشی هەر بەردەوام دەبێت هەروەكو دروشمی یەكڕیزی و تەبایی و داكۆكی لە دیموكراتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی خەڵك وەك هەمیشە لە داهاتووشدا دەكاتە كاری سەرەكی خۆی و بەردەوام دەبێت لەسەری.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاس و قەدرزانینی خۆمان پێشكەشی هەموو ئەو زاتانە بكەین كە لە ماوەی ئەم شەست ساڵەدا خزمەتی (خەبات) و ئامانجە پیرۆزەكانی كردووە، چ ئەوانەی بەجێیان هێشتووین- رۆحیان شاد- و چ ئەوانەی زیندوون و بەردەوامن لەگەڵمان.
ئەم یادە شكۆدارەش لە هەموو لایەك بەتایبەتیش لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگەو كەمئەندامانی بەرخودان و بەرگری لە وڵات و خاكمان پیرۆز دەكەین.