هەولێر-KDP.info- یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ھەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان خەرج بكرێت، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستانیش دەڵێ، ھەندێ لایەن موزایەدە بە قوتابیانەوە دەكەن.
نێچیرڤان كەلاری، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێتیی قوتابیان ھەر لە سەرەتای بڕینی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ھەوڵدا بووە بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەكە، بەڵام ئەوە ساڵێكە لەگەڵ باشبوونی رەوشی دارایی ھەرێمی كوردستان ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی دووبارە دەرماڵەی قوتابیان خەرج بكرێت".
كەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دەرماڵەی قوتابیان پێویستی بە پڕۆژەیاسای پەرلەمان نییە وەك ھەندێ لایەن دەیانەوێ موزایەدەی پێوە بكەن، بەڵكوو بە بڕیارێك راگیراوە و ھەر بە دەركردنی بڕیارێكیش دەتوانرێ بگەڕێندرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێویستمان بە ھەوڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەیە بۆ ئەو بابەتە".
قائید میرۆ