Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر جارێکی دیکە پڕۆژەی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاراستەی حکوومەت دەکاتەوە

ھەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی  ڕابردوودا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەی دانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەت ڕەت کرایەوە، ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە، بۆیە سبەی دووبارە پڕۆژەکە بەکۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە ئاراستەی حکوومەت دەکەنەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، خانزاد مام وسوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی سەعات ١٠ و٣٠ خولەکی بەیانی، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە و تێیدا پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە پاشەکەوتی مووچە لە لایەن حکوومەتەوە کە پێشتر ئاراستەی حکوومەتیان کردبوو و بەھۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەکرا، ئەم جارە دووبارە پێداچوونەوەیەکی وردی پێدا دەکەن و کۆمەڵێک گۆڕانکاریشی تێدا دەکەن و ئاراستەی حکوومەتی دەکەنەوە، چونکە ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە."

خانزاد مام وسوو گوتیشی: "جگە لەوەی حکومەت قەرزاری فەرمانبەرانە، ھاووڵاتیانیش قەرزاری حکوومەتن، بۆیە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە زۆرێک لە ھاووڵاتییان قەرزی کەرتی وەبەرھێنانیان لایە کە پێویست بووە بە شێوەی قیست بیدەنەوە و بەھۆی پاشکەوتکردنی مووچە نەیانداوەتەوە، بۆیە داوا دەکەن پڕۆژەکە کارا بکەینەوە و ئاراستەی حکوومەتی بکەینەوە، بۆ ئەوەی حکوومەت ھاوکارییان بکات و بتوانن قەرزی خۆیان بدەنەوە."

خانزاد مام وسوو باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی کە سبەی پڕۆژەکە ئاراستەی حکوومەت دەکەن، دواتر ھەوڵ دەدەن حکوومەت کار بەو پڕۆژەیە بکات، بۆ ئەوەی مووچەخۆران لێی سوودمەند بن و ئەو بارە قورسەی سەرشانیان ھەندێک سووک بکرێت.

بڵند ئیبراھیم