Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێباری: مانگی دابێ كابینەی حكوومەت پێك دێت

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، تا كۆتایی ئەم مانگە پرسی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان یەكلا دەكرێتەوە و دەشڵێ، لە مانگی نیسانی دابێ مەسروور بارزانی بۆ پێكھێنانی كابینەكەی رادەسپێردرێت.

د. سەباح زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی پڕۆژەیاسایەكی بۆ سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ ھەردوو شاندی پارتی و یەكێتی لە پیرمام كۆ ببنەوە و پڕۆژەكەش زیاتر پەیوەستە بە ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، چونكە ئەگەر یەكێتی بەشداری بكات، ئەوا پێكەوە لە پەرلەمان دانوستان لەسەر پڕۆژەكە دەكەین، لە ئەگەری نەھاتنی یەكێتییش، پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان یەكلا دەكرێتەوە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "پارتی بڕیاری خۆی داوە تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو بابەتە كۆتایی بێت، چونكە كات لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەكدا نییە و پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر دوا كەوتووە، ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەكە تاوتوێ دەكەین".

لەمەڕ پێكھێنانی كابینەی نوێ، دكتۆر سەباح زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا سەری مانگ پرسی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ئەگەر بە تەنیاش بین یەكلای دەكەینەوە، هەروەها لە مانگی داھاتوودا، واتا نیسان، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەكەی رادەسپێردرێت و ئەوەش یەكلا دەكرێتەوە".

 

قائید میرۆ