Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''ڕەوشی شنگال لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە''

شنگال-KDP.info- دوای هاتی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بە پەکەکە بۆ شنگال ڕۆژانە لە شنگال شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێز و لایەنەکاندا ڕوو دەدات و شارەزایانیش دەڵێن، لە ترسی زۆریی هێزەکان خەڵکی شارەکە ناگەڕێنەوە.

ئێستا شنگال لە ڕووی ئەمنییەوە لە ناخۆشترین باردایە و فەرماندەیەکی سەربازییش دەڵێت، کرانەوەی دەرگای سنووری سووریا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر شنگال و خەڵکی خراپی ناوچەکە بەئازادانە هاتوچۆ دەکەن.

حەیدەر شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "شنگال ئێستا ڕەوشی لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە و خەڵکێکی زۆری تێکەڵاوی داعش لەو سنوورە هاتوچۆ دەکەن."

لەو بارەیشەوە، قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەییی پێشمەرگەی شنگال دەڵێت: "ئەو هێزە نایاساییانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ٨٠%ی خەڵکی شنگال نەگەڕینەوە ناوچەکانیان، هەربۆیەش ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن لەسەر باجوەرگرتن لە خەڵک هاوڕێی یەکن و لە هەندێک شتیشدا دوژمنی یەکن، زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی شنگالن."

٨٠% خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆکدان و ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان ئەو ٢٠%ی کە لە شنگالنیش لەسەر چیای شنگال لە کەمپی سەردەشتیدان و ناگەڕینەوە نێو شنگال بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانە."

قاسم شەشۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "خەڵک لەو هێزانە بێزار بوون و ئەوان نەک هەر ئاگایان لە ئێزدییان نییە، بگرە زیانیش بە ئێزدییان دەگەیەنن."

هەر لەبارەی ئەو گرژی و شەڕەی ئەم دوایییەی شنگالەوە، خەڵکی شنگال گردبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد و داوایان کرد ئەو هێزانە چیتر نەبنە هۆکاری تیکدانی ناوچەکەیان و لە ناوچەکانیان دەربکرێن.

کــاروان بــاعەدری