Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانی ئەو رۆژەین چەوسانەوەی گەلی کورد بە تەواوەتی بووەستێت

هەولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی كوردی رایدەگەیەنێت: "هیوادارم گەشی و خۆشی بەسەر ناخی یەک بە یەکی هاووڵاتیانی کوردستانیشدا بێت، بەسەر دۆزە سیاسییەکەمان و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو رووێکی دیکەی ژیانی ئێوەی خۆشەویستدا رەنگبداتەوە".

نێچیرڤان بارزانی، جەختدەكاتەوە: "گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگەی دوورمان بڕیوە و کەممان ماوە، قوربانیمان زۆر داوە و دەبێت بگەینە رۆژی خۆمان. لەم بۆنەیەدا کە نەورۆز جەژنێکی فەرمییە لە عێراق، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی گەلی عێراق لە برایەتی خۆی و گەلی کوردستاندا سەربکەوێت".

سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەو پەیامەدا دەڵێت: "چاوەڕوانی ئەو رۆژەین کە چەوسانەوەی گەلی کورد بە تەواوەتی بووەستێت و هەموو لایەک بە مافداری و یەکسانی و برایەتی و  تەبایی بژین".

نێچیرڤان بارزانی راشیدەگەیەنێت: "دەبێت لەمڕۆوە دەستبکەین بە هێوربوونەوە، شەڕی بەرگری ئێمە لە بەرامبەر دڕندەیی داعشدا بەسەرکەوتن تەواوبوو، بوژانەوەی باری ئابووریش دەستیپێکرد و هەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوە دەنێت".