Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە خورماتوو ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێ، ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بڕیاریان داوە بە شێوەیەكی ڕەسمی ئاگری نەورۆز بكەنەوە و لە بناری چیای هەنجیرە ئاهەنگێك ڕێك خراوە و ئاگری نەورۆزی لێ دەكرێتەوە.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نەورۆز جەژنێكی نەتەوەییی كوردە و هەمیشە لە خورماتوو كوردەكان ئەم یادەیان بەرز ڕاگرتووە، سەردەمی ڕژێمی بەعسیش سەرەڕای بوونی هەموو هەڕەشە و تۆقاندنەكان، یادی نەورۆز هەر دەكرایەوە. ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بڕیاریان داوە بە شێوەیەكی ڕەسمی ئاگری نەورۆز بكەنەوە و لە بناری چیای هەنجیرە ئاهەنگێك ڕێك خراوە و ئاگری نەورۆزی لەوێ دەكرێتەوە، ڕێگا بە هاووڵاتیانیش دراوە ئاگری نەورۆز بكەنەوە و بەشداری ئەو بۆنەیە بن و یادی بكەنەوە."

پێوەست بە ڕەوشی ئێستای شارەكە، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی گوتی: "خورماتوو ئێستا شارێكی تەواو سەربازییە، هێزە عێراقییەكان لەوێن و دەسەڵاتەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكەدا كەم بووەتەوە و وەكو جاران هەرچی بیانەوێت ناتوانن بیكەن."

21ی ئادار، یەكەم ڕۆژی نەورۆزە كە جەژنێكی نەتەوەییی كوردە و سەری ساڵی ڕۆژئەژمێری كوردییە.

سەرباز واحد