Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كوردێك لە پۆڵەندا خه‌ڵاتی باشترین توێژینه‌وه‌ی ساڵی پێ درا

پۆڵەندا-KDP.info-  د. حه‌سه‌ن عه‌لی سوڵتان، قوتابیی دكتۆرا بوو له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی پۆزنان-پۆڵه‌ندا. به‌هێزیی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی سه‌رنجی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پۆڵه‌ندای به‌لای خۆیدا ڕا‌كێشا و وه‌ك یەکێک لە ٥ باشترین توێژینه‌وه‌ی ساڵ هه‌ڵبژێردرا.

ڕێكخراوی زانستیی  The European Community on Computational Methods in Applied Sciences (ECCOMAS) كه‌ بنكه سه‌ره‌كییەکەی له‌ شاری به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانیایه‌، ساڵانه‌ پێشبڕكێی باشترین ٥ توێژینه‌وه‌ی شاره‌كانی ئه‌ورووپا ڕێك ده‌خات. شایا‌نی باسه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٨، ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی پۆڵه‌ندیی Polish Association of Computational Mechanics لیستی ٥ باشترین توێژینه‌وه‌ی ساڵیان دیاری كرد و تێیدا نامه‌ی دكتۆرای حه‌سه‌ن عه‌لی وه‌ك چواره‌م باشترین توێژینه‌وه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٨  له‌سه‌ر ئاستی پۆڵه‌ندا هه‌ڵبژێردرا.

توێژینه‌وه‌كه‌ی د. حه‌سه‌ن باس له‌ به‌رگریی باڵه‌خانه‌كان لە به‌رانبه‌ر بۆمب و ته‌قینه‌وه‌دا ده‌كات. ئه‌و توێژینه‌وه‌یە سوودێكی گه‌وره‌ به‌ كه‌رتی سه‌ربازی له‌ جیهاندا به‌گشتی و له‌ كوردستان و عێراقدا به‌تایبه‌تی ده‌گه‌یەنێت. له‌ لایه‌كی تره‌وه،‌ سه‌لامه‌تییه‌كی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات.

زیاد ڕه‌ئووف، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵه‌ندا، ئه‌و توێژینه‌وەیە‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ی د. حه‌سه‌ن عه‌لیی به‌رز نرخاند و هیوای خواست كه‌ قوتابیانی كورد به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی خۆیاندا بن و به‌ هه‌مووانی نیشان بده‌ن كه‌ تاكی كورد ده‌توانن جیهان به‌ره‌وپێش ببه‌ن.