Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قادر قاچاغ: پەکەکە و سوپای عێراق بۆ شنگال بوونەتە بەڵا

شنگال-KDP.info-  ئەمڕۆ جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان کەوتە نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پەکەکە لە قەزای شنگال، بەرپرسێکی قەزاکەش پێی وایە، ئەو ھێزانە بوونەتە بەڵا بۆ خەڵکی شنگال و چاوەڕێی رووداوی ناخۆشتریش دەکەن.

قادر قاچاغ، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال ئاشکرای کرد، شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پەکەکە لە دەڤەری شنگال بەردەوامە و دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ھەردوولا ھێزیان کۆ کردووەتەوە بە مەبەستی شەڕکردن و تا دێت رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت."

بەرپرسی لقی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە شەڕی پێش چەند رۆژێکی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق چوار چەکداری پەکەکە و سەربازێکی عێراقی کوژرابوون، دیارە ئەمڕۆ دیسان شەڕ لە نێوانیان رووی داوە و ئێستاش شەڕ ھەر بەردەوامە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە سریەیەکی سوپای عێراق بە ئەسیری کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەکەکە و حکوومەتی عێراقیش فڕۆکەی رەوانەی شنگال کردووە."

 قاچاغ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ھەموو ئەو ھێزانەی ئێستا لە شنگالن و لەسەر شنگال شەڕیانە، ھێزی ناشەرعین لە ناوچەکە و ئیدارەی شەرعی و دەستووریی شنگال نەگەڕاوەتەوە، ئەو ئیدارە سیاسی و سەربازییەی شنگال ھیچ شەرعیەتیان نییە."

قادر قاچاغ روونی کردەوە: "ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بوونەتە بەڵا بۆ خەڵکی شنگال و تا ئەو ھێزانە لە دەڤەری شنگال بمێنن، بێگومان رەوشەکە باشتر نابێت و پێشبینیی رووداوی ناخۆشتریش دەکەین، چونکە ئەو ھەموو ھێزانە تا سەر ناتوانن پێکەوە بن."

قائید میرۆ