Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شەھاب: کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو بوو

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو بوو و بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز کۆبوونەوەکان بەردەوام بن.

ئەمڕۆ ھەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە، دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی سیاسی و چوارچێوەیەکی کارکردنی ھاوبەش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئیمزا کرا و تێیدا چوارچێوەیەکی کارکردنی ھاوبەش بە پشتبەستن بە کاری ڕابردووی بەیەکەوەکارکردنمان و بەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی خەڵکی کوردستان بینیویەتی لە کاتی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش ئارامی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە."

دڵشاد شەھاب گوتیشی: "ئەمە ئێمە دەخاتە ژێر بەرپرسیارەتییەکی گەورەوە، ئەمڕۆ چاوەرێی ھەواڵی باشین لە یەکێتی و پارتی، بۆیە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکێک بووە لە کۆبوونەوە سەرکەوتووەکان، چونکە بەڕاشکاوانە لەسەر شێوازی پیادەکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوانمان و ڕەنگدانەوەی لە بەشداریی کارا و بەیەکەوەکارکردن لە کابینەی ئایندەی حکوومەتی ھەرێم و پرسە ھاوبەشەکانی نێوانمان قسەمان کرد، بۆیە کۆبوونەکە سەرکەوتوو بوو و ھەنگاوی باشیشمان بڕی و بڕیاریشە دوای جەژنی نەورۆز جارێکی دیکە کۆ بینەوە و ئومێدیشمان زۆرە بگەینە دەرەنجامێکی باش و ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ھەمەلایەنە لە ئایندەدا بۆ خەڵکی کوردستانی ڕابگەیەنین."

بڵند ئیبراھیم