Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەبەرھێنان لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت"

هەولێر-KDP.info-  خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زیادی کردووە و پسپۆڕێکی کەرتی وەبەرھێنانیش پێی وایە یاسای وەبەرھێنان پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات و لە بەرژەوەندیی کەرتەکەدا بێت.

سامان عەرەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەبەرھێنان لە سەنتەری شاری ھەولێر جێبەجێ بکرێت، ئەویش وەبەرھێنەرێکی بیانییە و بازاڕێک کە بڕاندێکی جیھانییە و لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش ھەیە، لەبەر گرنگیی پڕۆژەکە بڕیارمان داوە بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنان و جێبەجێکردنی، بەمەش ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە."

ئیدریس کۆچەر، پسپۆڕی کەرتی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ھۆکارانەی دەبنە ئەگەری گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی وەبەرھێنان خەریکە دێنەدی ھەر لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ئەمانە پێشبینیی دڵخۆشکەرمان پێ دەدەن بەوەی ئەمساڵ کەرتی وەبەرھێنان بکەوێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن."

کۆچەر ڕوونی کردەوە: "ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە لەم قۆناغەدا درفەتی وەبەرھێنان بۆ خەڵکی بیانی ڕوون بکاتەوە، لەوەی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سەقامگیری و سیاسی و یاساییەوە ھیچ کێشەیەکی نییە و جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە ئاشکرایە ھێشتا زۆر وڵات و وەبەرھێنەری بیانی وا تێگەیشتوون ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشەکانی دیکەی عێراق ڕەوشێکی ئاڵۆزی ھەیە، کە ئەمە بنەمایەکی نییە و ڕەوشەکە بەروارد ناکرێت."

مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دەستەی وەبەرھێنان خواستێکی زۆر لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی گەشتیاری ھەیە، لە ساڵی ڕابردووە تا ئێستا چەندین داواکاری پێشکەش کراون، بەردەوامیش لە لایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە بۆمان ڕەوانە دەکرێن تا مۆڵەتیان پێ بدەین، زۆربەی ئەو پڕۆژانەی ئێستا پێشکەش دەکرێن لە بڕاندی جیھانین و لە لایەن وەبەرھێنەرانی بیانییەوە داوای ئەنجامدانی پڕۆژە دەکرێن."

قائید میرۆ