ھەولێر-KDP.info- بە گوژمەی ٥٥٢ ملیۆن دینار و لەسەر ئەركی شارەوانیی ھەولێر، قیرتاوكردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری ھەولێر دەستی پێكرد، نۆژەنكردنەوەی شەقامەكەش بە سێ قۆناغ دەبێت و قۆناغی یەكەم لە شەقامی سەرەكیی شەقڵاوە تاوەكو شەقامی سەرەكیی كۆیە دەبێت.
١٢ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر، قۆناغی یەكەم و دووەمی نۆژەنكردنەوەی شەقامی ١٠٠ مەتریی ھەولێر راگەیەندرا، كە شەقامی سەرەكیی شەقڵاوە تا كۆیە دەگرێتەوە.
ئهندازیار بۆتان خۆشناو، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، چاككردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی ھەولێر، بە ھۆی خراپیی رێگاكە و دروستبوونی چاڵی زۆرە، بەو پێیەش شەقامێكی سەرەكیی ھەولێرە و ھاتوچۆی زۆر لەسەرە، پێویستی بە قیرتاوكردنی دووبارە ھەبوو، ئەمەش بۆ خزمەتكردنی ھاووڵاتیان زۆر زەروور بوو، بۆیە بڕیار درا نۆژەن بكرێتەوە.
خۆشناو راشیگەیاند، نۆژەنكردنەوەی شەقامەكە لەسەر ئەركی شارەوانیی ھەولێرە و بە گوژمەی ٥٥٢ ملیۆن دینار فەرشڕێژ و قیرتاو دەكرێ.
قیرتاوكردنی شەقامەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێ، قۆناغی یەكەمی قیرتاوكردنەكە لە شەقڵاوە تاوەكو كۆیە دەست پێدەكات، لە قۆناغی داھاتوودا لە شەقامی كۆیە تاوەكو بەنزینخانەی ئاكار دەبێت و ١٥ رۆژی پێویستە، دواتر لە بەنزینخانەی ئاكار تاوەكو مەخموور بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری ھەولێر گوتیشی، ئێستا لە قۆناغی یەكەمی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكەین و لایەكی شەقامەكە تەواو بووە، ھەروەك ناوبراو ئاماژەی پێكرد، كاتی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی شەقامەكە لە نێوان كۆیە و شەقڵاوە، ١٠ رۆژی دەویست، بەڵام بە ھۆی بارانبارینەوە چوار رۆژ لە قیرتاوكردنی دواكەوتین.
ھەڵكەوت محەمەد