Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شوانی بۆ KDP: هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی نەوت و دارایی كۆ ده‌بنەوە

هەولێر-KDP.info- سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێ، ئابووریی هەرێم بەرەو باشتر دەچێ و تۆكمەتر دەبێت، بەم زووانەش شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی نەوت و دارایی كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەكرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی تازە.

بە گوێرەی لیكدانەوەی چاودێران و پسپۆڕانی ئابووری، دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت و ئاسەوارەكانی قەیرانی دارایی كاڵ دەبنەوە و نامێنن. پێوەست بە داهاتووی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، عوسمان شوانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم و ڕێككەوتنی لایەنەكان، كاریگەری ئەرێنیی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر ئابووری و داهاتووی ئابووری لە هەرێمی كوردستان. جموجۆڵی بازرگانی و پیشەسازی و، كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ئابووریی هەرێم بەرەو باشتر دەچێت و تۆكمەتر دەبێت".

لە ئێستادا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوونی نەماوە و بەشێكی زۆری پڕۆژە وەستاوەكان دەستیان بە كارەكانیان كردووەتەوە. پێوەست بە گەرەنتیكردنی تێكنەچوونەوەی باری دارایی هەرێمی كوردستان، عوسمان شوانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "گەرەنتیی تێكنەچوونەوەی باری دارایی هەرێم، پەیوەندی بە بودجە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە. بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەم ساڵی عێراق، ئیستیحقاقی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكرێت. هەروەها پەیوەندی بە ڕەوشی سیاسیی نێوان عێراق و هەرێمەوە هەیە، هەرچەندە ڕەوشی ناوچەكە جێگر نییە، بەڵام پێم وانییە شتێكی نەخوازراو بێتە پێش و كێشە لە پەیوەندییەكانی هەردوو لا دروست بكات."

سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایشی دەكات: "لە دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە لە ماوەیەكی نزیكدا وەفدی هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی نەوت و دارایی كۆ ببنەوەو، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بكرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی تازە."

 

سەرباز واحید