Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەورووپا گرینگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات"

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، یەکێتیی ئەورووپا بەگشتی گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامیش ھاوکاریی دارایی و سیاسیی پێشکەشی ھەرێمی کوردستانی کردووە و ئێستاش دەیەوێت لە ڕووی بازرگانی و وەبەرھێنانیشەوە ھاوکاریی ھەرێم بکات .

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، د. دلاوەر ئاژگەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی سیاسی و ئابووریی وڵاتی بەلجیکیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە ماوەیەکە ئێمە کاری بۆ دەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندیی بازرگانیی ھەرێم و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەھێز بکەین و بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆیە بڕیاریان داوە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و ئەو شاندەی دێت ژمارەیان ٢٠ کەس دەبێت، کە جێگری دووەم پارێزگای بەلجیکای تێدایە لەگەڵ ژووری بازرگانیی خۆیان و  ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی بەلجیکا لە بواری جیاجیادا لەگەڵیاندان و کە گەیشتنە ھەرێمی کوردستان گۆنگرەیەک بە مەبەستی ھاتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن."

د. دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: "یەکێتیی ئەورووپا بەلایەوە گرینگە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات کە ٢٨ وڵات لەخۆی دەگرێت و لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ھاوکاریی زۆری ھەرێمی کوردستانی کردووە و دەیان پڕۆژەیان ئەنجام داوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بووە زۆر ئاشکرا نییە و دەیانەوێت لە ڕووی بازرگانی و وەبەرھێنانیشەوە ھاوکاریی ھەرێم بکەن. جگە لەوە، لە ڕووی سیاسیشەوە ھاوکاریی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم دروست بێت و ھەرێم بتوانێ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بۆیە گرنگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدەن."

بڵند ئیبراھیم