Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کورد بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای ڕەگەزنامەی عێراقی دەدات"

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی ئامادە کردووە و پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێ، ئەگەر لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نەبێت، ھەمواری یاساکە ڕەت دەکەنەوە.

زۆرینەی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای نوێی ڕەگەزنامەی عێراقییان ڕەت کردووەتەوە. ناسر یوسف، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئێمەیش تێبینیمان ھەیە وەکو کورد لەسەر ھەمواری یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بەڵام ئێستا تەنیا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، ئێمە تێبینیی خۆمان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار لە ھەرێمی کوردستان و چاوەڕێی پێشنیاری ئەوانین."

بەگوێرەی پڕۆژەیاسای نوێ، دەسەڵاتی زۆر بە وەزیری ناوخۆی عێراق دراوە، مافی ڕەگەزنامەی عێراقی بە ھاووڵاتیانی بیانی بدات، ئەندامەکەی لیژنەی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە تێبینیی زۆری لەسەرە، بەڵام کە پەسەند کرا بە دڵی ئێمە و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نەبێت، ئەوە بێگومان وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕەتی دەکەینە و ئەگەر بۆمان بکرێت ناشھێڵین تێپەڕێندرێت، زۆرێک لە فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانیش لەبنەڕەتدا ڕەتی دەکەنەوە."

ناسر یوسف ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان داخوازییەکمان ھەیە، ئەویش لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە و کۆتاییھێنان بە ھەموو ئەو کێشانەی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروست کراوە، مەرجی کورد چارەسەری کێشەی ڕەگەزنامەی ھاووڵاتیانی خۆمانە."

قائید میرۆ