Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیبراھیم برۆ: گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدات

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە گوتی، گۆرانکارییەکی گەورە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژھەڵاتی فورات ڕوو دەدات و ئیدارەیەکی نوێ دروست دەبێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە، ئیبراھیم برۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمەریکا کشانەوە لە سووریا ھەندێک دوا دەخات و ڕێگە نادات ڕژێمی سووریا بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی فورات بۆ ئەوەی ناچاریان بکات دانوستانی سیاسی بکەن و کۆنگرەی ئاستاناش بەردەوام بێت، چونکە پێشبینی دەکرێت شەڕێکی قورس لە ئیدلب ڕوو بدات و ئەمەریکا و ئەورووپاش نایانەوێت شەڕ ڕوو بدات و ڕووسیاش شەڕێکی قورس لەو ناوچەیە دەکات بە ھۆی بوونی ھێزی توندڕۆ، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاوارە بن لەو ناوچەیە و لە لایەکی دیکەشەوە نوێنەری ئەمەریکا کار دەکات بۆ ئەوەی بەزوویی لیژنەی دەستووری دەستبەکار بێت و کۆنگرەی جێنفیش کارا بکرێتەوە."

ئیبراھیم برۆ گوتیشی: "ئێمە وەکو بەشێک لە وەفدی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ھەموو دیدارەکاندا لەبارەی دانانی دەستوورەوە کار بۆ مافەکانی کورد دەکەین و بۆ ڕۆژھەڵاتی فوراتیش لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبێت لە دانانی ناوچەی ئارام و ئەمەریکاش بەڵێنی بە تورکیا داوە سنوورەکانیان پارێزراو دەبن، بەڵام ھێشتا دیار نییە کێ دەیانپارێزێت و تورکیاش ڕازی نابێت پەیەدە لەسەر سنوور ھەبێت و ئێمەش پێمان وایە پێویستە کەسانی بیانی لەو ناوچانە نەبن و شەڕیش دروست نەبێت و ئیدارە و پاراستنێکی نوێ دروست بێت و پێشمەرگەی ڕۆژ و پێکھاتەکانی دیکە ناوچەکە بپارێزن و ئیدارەشی ھەموو پێکھاتەکان بەڕێوەی ببەن."

برۆ باسی لەوەش کرد: "زۆرینەی وڵاتان ئەو پێشنیارەی ئێمەیان پێ باشە، کە پێکھاتەکان ناوچەی ئارام بەڕێوە ببەن و بیپارێزن نەک خەڵکانێکی بیانی، بەڵام ھێشتا ڕێککەوتن نەکراوە، چونکە ھێشتا پەیەدە لەوێیە و ڕێککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێک ناکات، چونکە دەیانەوێت تاکلایەنە ناوچەکە بپارێزن، بەڵام گۆرانکارییەکی گەورە دروست دەبێت و پەیەدەش لەسەر سنوور نامینێت و ئیدارەیەکی نوێ دروست دەبێت، چونکە ئێمە جارێکی دیکە ڕێگە نادەین ھەمان سیناریۆی عەفرین لە ناوچەکانی ئێمە دووبارە بێتەوە."

بڵند ئیبراھیم