Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵەبجە بە گەورەیی

 
ئاریان فەرەج
 
 هەڵەبجە لە وێنە گەورەكەیدا واتا لەنێوبردن و تۆوبڕینەوەی نەژادی مرۆیی، واتا تاوانێك دەرهەق بە بەشەریەت و بەردەوامیی ژیان. كەواتە كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە، بەرلەوەی تاوانێك بێت دەرهەق هەڵەبجە و كورد، تاوانە دەرهەقی كۆی مرۆڤایەتی، چونكە لەو تاوانەدا ئینسان بە ئامانج گیرا، ئەو مناڵە ساوایە خنكێندرا كە هێشتا زمانی نەپژابوو تا بە كوردی بدوێ. بۆیە دەبێ بەرلە كورد، كۆی مرۆڤایەتی مودەعی بن بە حەقی ئەو جینایەتە گەورەیە، دەبێ هەڵەبجە بە گەورەیی خۆی تەماشا بكرێت و بۆ ئاستی تاوانێكی لۆكاڵی و سزا و چارەی لۆكاڵی بچوك نەكرێتەوە. 
هەڵەبجە دەبێ بە جوانترین شێوە ئاوەدان بكرێتەوە، دەبێ قەرەبۆبكرێتەوە، دەبێ بەركەوتووانی باشترین چارەسەر بكرێن، دەبێ ببێتە نموونەی خۆشگوزەرانی، هەموو ئەمانە راستن، ئەركی حكومەتی هەرێم و دەوڵەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە هەر یەكیان لەو بارەیەوە بە ئەركی خۆی هەستێ، بەڵام دیسان نابێ و ناكرێ مەرگەساتی گەورەی هەڵەبجە لەم داخوازییە ئاساییانەدا بچوك بكرێتەوە و سەقفدار بكرێ. 
گەلی جوو كە (هۆلۆكۆست)یان بەسەرهات، كە هاوشێوەی هەڵەبجە و ئەنفالی كوردانە، تا بەدەستهێنانی گەرەنتی دوبارەنەبوونەی كارەساتەكە كە لە دەوڵەتی سەربەخۆدا بەرجەستە بوو، ئۆقرەیان نەگرت و هەرگیز بە كەمتر لەو پاراستنە نێودەوڵەتییە، قایل نەبوون. ئەوان بۆهەڵچنینی پەرژینی پارێزگاری بەدەوری خۆیاندا، سەرباری كارەساتباری، ماندووییشیان چێشت و قوربانی دیكەشیان دا، گیرفان و جوهدی خۆیان كرد بەیەك و هەموویان خستە خزمەت دروستكردنی دەوڵەتەكەیان، دوای ئەوەش هەر نەسرەوتن، ئێستاشی لەگەڵ بێت، دادگا لە هەر كەس و لایەنێك دەگرن كە كەمترین گومان بخاتە سەر قەبارەی كارەساتەكە و ژمارەی قوربانییەكانیان. 
ئێمەی كورد دەبێ كارەساتەكانمان بە گەورەیی خۆی ببینین و جۆری چارەسەرەكەش بە هەمان گەورەیی. نەهامەتی ئەوە نییە هەڵەبجە هێشتا وەك پێویست ئاوەدان نەكراوەتەوە، مەینەتی گەورە ئەوەیە هێشتا گەرەنتی دووبارەبونەوەی هەڵەبجەیەكی دیكەمان بەدەستنەهێناوە، هێشتا دەنگ هەن دەوێرن بەرزببنەوە و ئەو مافانەی كەبە هەڵەبجە و بە خوێن بەدەستمان هێناون، بە زۆر بزانن و بەڵام ناتوانین دەمكووتیان بكەین. بۆیە پرسیاری گەورە ئەوەیە: گەرەنتی چییە كورد جارێكی دیكە جینۆساید نابینێتەوە؟.