Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دزەیی بۆ KDP: بڕیارە بەم زووانە 100 ملیۆن دۆلاری دیكە بدرێتە بەڵێندەران

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە دوو مانگی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم 100 ملیۆن دۆلاری داوەتە بەڵێندەران، بڕیاریش وایە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان، بەم زووانە 100 ملیۆن دۆلاری دیكەشیان پێ بدرێت.

سەفین دزەیی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم لە هەوڵدایە پڕۆژە ستراتیژییەكان وەگەڕ بخاتەوە بە مەبەستی خزمەتكردن و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان، پڕۆژەكانیش بریتین لە دروستكردنی بەنداو، ڕێگاوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و پڕۆژە جۆراوجۆرەكانی دیكە".

دزەیی روونی كردەوە؛ حكوومەتی هەرێم لە دوو مانگی ڕابردوودا 100 ملیۆن دۆلاری قەرزی بەڵێندەرانی داوەتەوە، بڕیاریش وایە بەم زووانە 100 ملیۆن دۆلاری تریش بە بەڵێندەران بدات.

دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم بەشێكی باشی قەرزەكانی بانكە ئەهلی و كۆمپانیا نەوتییەكانى داوەتەوە، بەردەوامیش دەبێت لە دانەوەی قەرزەكان.

لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش، دزەیی ئاماژەی دا، دانوستانی جیددی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە سەبارەت بە چارەكردنی كێشەكان، بە تایبەت بەردەوامبوونی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2019.

 

هـۆزان سەمەد