Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانیی نەمر و بڕوابەخۆبوونی نەتەوەیی

 
زکری موسا
 
مەبەست لە باسی كردنی مێژوو بە هیچ شێوەیەك خۆهەڵواسین بە مێژوو یان فرۆشتنەوەی مێژوو بە جیلی نوێ نییە. چونكە چەندە هەوڵی ڕووتاندەوەی گەلی كورد لە مێژووە هاوبەشەكەی كارەساتبارە ئەوەندەیش خۆهەڵواسین بە مێژوو زیان لە ئاییندەی گەلەكەمان دەدات.
ئەوەی لێرەدا گرنگە سەیركردنی مێژوو و ڕاستییەكانی وەك خۆی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە مێژووییەكانە. هەروەك (هیگڵ) فەلسەفەزانی ئاڵمانیایی دەڵێت: "گەلان حوكمە دروستەكانیان لە مێژوو وەردەگرن".
شاراوە نییە حزووری بەهێز و پڕڕەنگی (مستەفا بارزانی) لە مێژووی سەدەی بیستەمی كورددا گرفتی سەرەكیی ئەو لایەنە سیاسیانەیە كە یان بەشداری مێژوو نەبوونە یانیش بەشدارییەكەیان كارەساتبار بووە.
ئەو حەساسییەتە سیاسییە هەر چییەك بیت پاڵنەرەكانی لە مەسەلەی ناوچەگەرێتیی و خۆبەبچووكزانینی نەتەوەیی تێپەڕ ناكات چونكە لە زۆربەی مەفاهیمە سەردەمی و نەتەوەییەكاندا كەسایەتیی (بارزانی) دەوڵەمەندە و قسەی یەكلاییكەرەوەی پێیە. هەر لە مەسەلەی ئایینەوە بگرە تا هزری نەتەوەخوازی و بنەماكانی دیموكراسی و پاراستنی ڕەسەنایەتیی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و داگیركارەكان.
كەس ناتوانێ ئەوە لەبیر بكات كاتێك ڕۆشنبیرە سیاسییەكانی كورد لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیست شۆڕشیان جێهێشت هۆكاری سەرەكی جیاوازیی دنیابینییان بوو لەگەڵ بارزانی. ئەوان بارزانیان بە پیاوێكی نەتەوەخواز دەزانی و بەلایانەوە شتێكی سەردەمییانە نەبوو چونكە (بارزانی) لە چەشنی ئەوان شەیدای هزری تۆتالیتاری (ماو)ـی و (لینین)ـی نەبوو. 
(بارزانی) بۆیە لە ویژدانی كۆمەڵگەی كوردەواریدا پێگەی بەرزی بەدەستهێنا چونكە بە پێچەوانەی فاشیزم و ماركسیزم و ئیسلامی سیاسی بۆ ویستی نەتەوەی كورد نامۆ نەبوو. هزری نەتەوەیی بارزانی ڕەگەزپەرست و نكۆلیكار نەبوو و، ڕێزی لە ئایینی ئیسلام و بیروڕا ئایینییەكانی دیكەی خەڵكی كوردستان دەگرت.
هزری نەتەوەیی بارزانی هیچكات تووشی داوی مشتومڕە ئاڵۆزەكانی ئایدیۆلۆژی نەبوو،  هەربۆیەش لە لایەن تێكڕای چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بە ئاسانی هەزمدەكرا و پێشوازی لێ دەكرا تەنانەت بە هەزاران خەڵكی مەسیحی و توركمان و ئێزیدی و پێکهاتەکان بەشداری شۆڕش بوون. 
زۆرجار باس لەوە كراوە بارزانی شۆڕشی تووشی نسكۆ كرد و هەندێ كەس وای بۆ دەچێ دەبوایە بەرەنگاری دوژمن ببا. بارزانی زۆر چاك ئاگاداری هاوكێشەكانی نێودەوڵەتیی هێز بوو. بەرەنگاربوونەوە ڕێك ئەو شتە بوو كە دوژمن چاوەڕوانی بوو بەڵام بارزانی بریتی پەنابردن و ڕزگاركردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی لە تیاچوون هەڵبژارد ئەو وانەیەی كە پێشتر لە كۆماری كوردستاندا تاقی كردبوو.
ڕەنگە بەلای هەندێ كەسەوە بارزانی تەنیا موڵكی پارتی بێت بۆیە لەبەرچاویان هێمایەكی حزبییە نەك نەتەوەیی، مێژووی خەباتی بارزانی لە شۆڕشەكانی بارزان و كۆمار و، بەر لە دروستبوونی پارتی دەستی پێ كردووە. پارتی لە دەستی (بارزانی)ـدا تەنیا ئامرازێك بووە بۆ گەییشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكان.
ئەو بابەتانە بەو مانایە دێتن كە كەس وەك (بارزانی) نەیتوانی هاودەنگییەكی خۆماڵی و نیشتمانی لەنێو ڕیزەكانی گەلدا دروست بكات و زۆر بە سەركەوتوویی توانیویەتی واقیعی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتیی گەلی كورد هەزم بكات، (بارزانی) بەلای مرۆڤی كوردەوە مانای خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازییكی سادە و بێگەردی دەدا، ئەو ڕەنگدانەوەی ویستی حەقیقیی مرۆڤی كورد بوو.
ئەو موڵكی كەس نییە و ناشیەوێت خۆی بەسەر كەسدا بسەپێنێ، ئەو موڵكی گەلێكی بەشخوراوە و بەشێكە لە مێژووی گەلەكەمان، ئەو شاكارانەی ئەو كردی ئەو تەحەدییانەی ئەو بڕی ئێستایشی لەگەڵدا بێ كەس نەیكردووە، بۆیە دەتوانێ ببێتە مایەی هاودەنگی و بڕوابەخۆبوونی نەتەوەیی.